شارپرێس- بەختیار ئەحمەد
ساڵح
پێشەکی
کۆمارى ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە بەردی بناغەی پێکهاتەيەكی
ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێکهێناوە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی ئەوەی
کە بە بەرەى موقاوەمە ناسراوە. لە ژێر ڕۆشنایی هەڵکشانی پێکدادانى سەربازیی ئیسرائیل
و ئێران و بەشداربوونى ئەمریکا لە شەڕەکەدا، زۆر قسە لەسەر ڕووخانى دەسەڵاتى سیاسی
دەکرێ لە ئێران، ڕووخانێک کە لە ڕووى کاریگەرییەوە لە هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوەى یەکێتی سۆڤیەت دەکا لە ساڵی
1991، ئەم نوسینە ئامانجی شیکردنەوەی ئەم ئارگیومێنتە و پێشبینیکردنی لێکەوتەکانێتى
لە داهاتوودا.
یەکەم: خاڵى هاوبەش لەگەڵ هەرەسهێنانى یەکێتی سۆڤیەت
1. هەرەسهێنانى دەسەڵاتى
سیاسی لە ئێران لە زۆر ڕووى کاریگەرییەوە هاوشێوەى هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوەى یەکێتى
سۆڤێتە بەو پێیەى کە کۆمارى ئیسلامى ئێران نوێنەرایەتی دوایین سیستمی ئایدیۆلۆژیی
هەمەلایەنە دەکات کە لە سەر بنەمای ئایین دامەزراوە لە سەردەمی مۆدێرندا و هاوشێوەی
یەکێتى سۆڤێت، بەهەڵوەشانەوەى کاریگەرى ڕاستەوخۆ دروستدەکات لەسەر ئەو وڵاتانەى
ناوچەکە بە شێوەى ڕاستەوخۆ ساخود ناڕاستەوخۆ هەژمونى هەیە تیایاندا.
2. کۆمارى ئیسلامى
ئێران شەڕکەرێکى سەرسەخت و هێڵى بەرگرى یەکەمى بەرەیەکى سەرەکى ڕووبەڕووبوونەوەى ڕۆژئاوابووە
لە ناوچەکە کە ڕووسیا و چین و چەندین وڵاتى دیکە لە خۆدەگرێت، بە هەرەسهێنانى، ئەو
بەرەیەش ڕوو لە لە لاواز بوون دەکات.
3. هەروەک چۆن ڕووخانی پڕۆژەى کۆمۆنیزم ڕێگای بۆ سەرهەڵدانی
ئیسلامی سیاسی و دروست بوونى دەوڵەتى ئیسلامى کردەوە، هەروەها ڕووخانی دەسەڵاتى سیاسیش
لە ئێران دیمەنی جیهانی لەسەر بناغەیەکى نوێ دادەڕێژێتەوە کە سیماکانى زیاتر لەسەر
بەریەککەوتنى شارستانییەتەکان دەبێت تا ململانێى سیستمە بەناو تۆتالیتار و دیموکراسییەکان.
دووەم: کاریگەرییەکانی لەسەربزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکان
1. کۆمارى ئیسلامى
ئێران سپۆنسەری ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەیی جوڵانەوە بنەماخوازەاکنى شیعە و سوننە بووە
لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە، هەرەس هێنانى ئێرانیش دەبێتە هۆی لاوازبوونى
جوڵانەوە ئیسلامییەکان کە یان لە ڕووی داراییەوە یان لە ڕووى ئایدۆلۆژییەوە لە لایەن
ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە حزبوڵڵای لوبنانەوە تا حوسییەکان لە یەمەن و دواتر حەماس
لە فەڵەستین و هێزەکانى حەشدی شەعبی لە عێراق.
2. هەرەس هێنانى کۆمارى ئیسلامى لە ئێران گورزێکی کوشندە دەدات
لە بیرۆکەی دروستکردنى دەوڵەتی ئیسلامی کە وەک قەوارەیەکی دەسەڵاتدار لەسەر بنەماى
شەریعەت دامەزراوە.
سێیەم: ترس لە لێکەوتەکان
ڕۆژئاوا ترسی لە دووبارە بوونەوەى ئەزموونەکانی وەک بەهاری
عەرەبی بە تایبەتی لە سوریا و عێراق هەیە و پێی وایە هەرەس هێنانى دەسەڵات لە ئێران
دەرفەت بۆ دەستێوەردانی دەرەکی، دروستبوونى میلیشیا ناوخۆییە جۆراوجۆرەکان، شەڕى
ناوخۆیی و دروست بوونى لێشاوى کۆچ بەرى دروست دەکات، ئەگەر چی کە کۆمەڵگای ئێران
خاوەنی ژێرخانێکیی دیموکراسی بنەڕەتیی و چینێکی ناوەندی گەورە و خوێندەوار و شارنشینە
کە داوای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت دەکات و ئەگەر گواستنەوەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت،
ئێران دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی عەلمانی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پێنجەم: کاریگەری جیۆپۆلەتیک لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و
جیهان
بەهەرەس هێنانى دەسەڵاتى سیاسی لە ئێران :
1. دووبارە کێشانەوەی
نەخشەی هاوپەیمانێتییەکا دێتە ئاراوە لە بچووکبوونەوەی بەرەى موقاوەمە، داکشانى هەژمونى
ئیسلامى سیاسی و کاریگەر بوونى بەرەى ڕووسیا و چین.
2. ڕزگار بوونى هەندێک
وڵات لە ژێر کاریگەری ئێران لوبنان، سوریا، یەمەن، عێراق و پەیوەست بوونیان بە بەرى
ڕۆژئاواو و دواجار بەهێزبوونى بەرەى عەرەبی-ئیسرائیل-ڕۆژئاوا.
ئەنجام
ئەگەر کۆمۆنیزم لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەهەرەسهێنانى
ڕێگەی بۆ تەوژمى ئیسلامیی بنەماخواز و ئیسلامى سیاسی کردبێتەوە، ئەوا کەوتنى دەسەڵاتى
سیاسی لە ئێران، دەبێتە کۆتایی ئیسلامى سیاسی و بیرۆکەى دروستکردنى دەوڵەتى ئیسلامى
و لەدایکبوونی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیکەى هەماهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئیسڕائیل
و ڕۆژئاوا کە کار لەسەر هەرەسپێهێنانى وڵاتانى دیکەى هاوشێوە دەکات لەناوچەکە وەک
تورکیا.
