حكومەتی هەرێم بڕیار لەدابەشكردنی موچە دەدات

کوردستان

24/06/2025‌ 32508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە سبەی چوار شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم كۆبونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامبدات و سەرچاوەیەكی ئاگادار بە شار پرێسی ڕاگەیاند، چاوەڕان دەکرێت بڕیار لەبارەی موچەوە بدرێت.


 ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم سبەی چوارشەممە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی كۆبونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدەدات و چەندین بژاردەی گەڵالە كردووە و لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێدەكرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەوەی بۆ شار پرێس ئاشكراكرد، ئەمرۆ لەسەر ئاستی باڵا كۆبونەوەیەك ئەنجامدراوە و داوا لە وەزیری دارایی هەرێم كراوە راپۆرتێكی ورد لەسەر خەرجی و داهاتی مانگانەی وەزارەتەكان ئامادە بكات و لەكۆبونەوەی سبەینێدا بخرێتە بەر باس.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەروو، چەندین بژاردە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 5 و 6 تاوتوێكراوە، لەوانە دابینكردنی موچەیەك لە داهاتی كۆكراوەی ناوخۆ.

ھەروەھا خەرجکردنی ئەو 430 ملیارەی بەغدا بۆ موچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو ناردی و ھەرێم موچەکەی دابەشنەکرد راستەوخۆ بۆ موچە تەرخانبکرێت.

شار پرێس ئەوەشی زانیوە، تائێستا نازانرێت هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچەی مانگی پێنجە  یاخود موچەی مانگی شەش، بەو پێیەی سێ بەشی مانگی شەش تێپەریوە و لەعێراق ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی دەكرێت.

بەپێی زانیاری سەرچاوەكە، هەوڵێکی دیکەش هەیە کە هەرچۆنێک بێت لەگەڵ بەغدا لەسەر هەناردەی نەوت لەڕێی سۆمۆ بگەنە ڕێکەوتن، بۆ ئەوەی ببێتە بنەما بۆ ڕێکەوتن و ناردنی موچەی هەرێم.

بەپێی زانیارییەکان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم نوسراوێکی ئاراستەی بانكەكان كردووە و تێیدا سەرجەم خەرجییەكانی ڕاگرت بۆ ماوەی دوو مانگ .

لە نوسراوەکە ئاماژە کراوە بە هۆكاری راگرتنی خەرجییەكان کە بۆ تەنگژەی دارایی دەگەڕێتەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە،  لەکۆبونەوەی چوار سەرۆکایەتیەکە بە ئەرێنی وەڵامی نامەکەی سەرۆکی حکومەت نەدراوەتەوەو ئه‌وه‌ش بەرپرسانی هەرێم بێ ئومێد كردوە.

ش . خ