مەنسوور رەحیمی
پێگهی کردپریس - ی فارسی
٢٠٢٥/٦/٢٥
جەنگی دوانزە رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە بە ئاگربەستێکی لەرزۆك کۆتایی هات، تەنیا شەڕێکی سەربازی نەبوو؛ بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی جیۆپۆلۆتیکیش بوو. لە کاتێکدا کە مووشەکەکان ئاسمانيان دهبڕى و دەنگی ئاژێرهکان دەهات، گۆڕهپانى سەرەکیی شەڕ لە ئاستێکی دیکەشدا بەڕێوە دەچوو که بریتیبوو له رکابەری بۆ پێگە ناوچەییەکان، هاوپەیمانيی جیهانی و هونەری تێپەڕبوون لە ئاشووبەوە بۆ سیستمێکی تازە.
ئەم جەنگە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقیش تاقیکردنەوەیەکی دیکە بوو که بریتیبوو له: تاقیکردنەوەی پێگەیشتنی سیاسی، شیکردنەوەی واقعی و ئاڕاستەیەکی درێژخایەن بەرامبەر بەغدا و تاران.
جەنگی سەپێندراوی ١٢ رۆژەی رژێمی زایۆنی لەگەڵ ئێران، کورت بوو، بەڵام لە هەلومەرجێکی پڕ لە تەنگژەی جیهانیدا روویدا. ئێران بە جۆرێک قەیرانەکەی بەڕێوە برد کە هەم هەرێمەکە لە گرژیی زیاتر بە دوور بگرێ، هەمیش رێگا لە قووڵبوونەوەی ههژموونی لایەنەکانی دیکە لە ناوچەکە بگرێ. لە کرۆکی ئەم بابەتەشدا، لایەنەکانی ئەم شەڕە تەنیا تەلئهبیب و تاران نەبوون، بەڵکو پەکین، مۆسکۆ و زۆرێک لە وڵاتانی هەرێمەکەش بوون.
ئێران ساڵانێکە لە رێگەی پاراستنی قووڵاییە ستراتیژیەکەی لە دەرەوەی سنوورەکان و ئامادەەیی لە سووریا و عێراق، توانستی خۆی بۆ بەرپەرچدانەوە پتەو کردووە. ئەوەشی پیشاندا کە هێشتا ئەکتەرێکی لەسەرخۆ و بە بەرنامەیە. پێچەوانەی زۆرێک لە پێشبینیەکان، لەم شەڕەدا یەکانگیری لە بڕیاردانی تاراندا تێکنەچوو؛ بەڵکو لە رێی کاردانەوەیەکی ژیرانەوە، خۆی لە شەڕێکی فراوانی درێژخایەن بەدوور گرت و توانای خۆیشی بۆ بهرپهچدانهوه پاراست.
لەوانەیە گرنگترین خاڵی کاریگەر لەمەشدا، دانایی و رێکاری سیاسەتگوزارییەکی ئاستبەرزانە بووبێ. رابەری کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە دووانەی ستراتیژیی "هێز لە گۆڕهپان، کراوەیی لە دیپلۆماسی"دا سیاسەتێکی گرتەبەر کە نە تەسلیمبوون نە بێباکی تێدابوو، بەڵکو نیشانەی عەقڵانیەتێکی ئارام، بەڵام کاریگەری پێوە دیاربوو.
جەنگی دوانزە رۆژە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بە کردوە بووە تابلۆیەک بۆ دەرخستنی تەحلیلی ئەکتەرە ناوچەییەکان. ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک لە هەرێمی کوردستاندا بەرچاو دەکەوت، شیکاریی هەڵە و تێگەیشتنی هەڵە لە دۆخی ئێران بەتایبەت لە نێو هەندێک روخساری حیزبی و حکومیدا بوو. لە هەرێمی کوردستان جۆرێک خافڵگیریی تەحلیلی پەیدا بوو. هەندێک لە روخسارە حیزبییەکان وایانزانی ئێران بەرەو رووخان یان لاوازبوونی جیددی دەڕوات. گوتاری توندی ئەوانیش لە دژی بەغدا هەر لەم تێگەیشنەوە سەرچاوەی دەگرت.
هەندێک لە چاودێران و میوانەکانی کەناڵە دیارەکان، باسی لاوازبوونی پێگەی ئێرانیان دەکرد و بە شێوەیەکی شایستە لەگەڵ دۆخی ناوچەکەدا نەجووڵانەوە. ئەمەش لە ئەنجامی هێزەوە نەبوو، بەڵکو لە تێگەیشتنێکی هەڵە لە دۆخی ناوچەکەوە سەرچاوەی دەگرت و واقعی گۆڕهپانى سیاسیش دۆخی پێچەوانەوی ئەوەی دەرخست.
ئێران لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا نەک هەر لاواز نەبوو، بەڵکو بە توانستی بەرچاوی بەرپەرچدانەوەی خۆى، هەروەها بە قورساییە ناوچەییەکەی خۆیەوە، یارییەکەی درێژە پێدا و رۆڵی یەکلاکەرەوەشی لە بەغدا جێگیرتر بوو. ئێران هێشتا لە بەغدا کاریگەرە و پێگەی خۆی قایم کردووە. هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی دەورانی دوای ریفراندۆم، لە جیاتی گوشار، خۆی ناچار دەبینێت کە دووبارە گفتوگۆ بکاتەوە.
لەو نێوانەدا تاکە دەنگی هاوسەنگ و دووربین، دەنگی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو؛ روخسارێک کە وەک ٢٠١٧ بە دوور لە هەیەجان و جۆش و خرۆش، هەڵوێستێکی هاوسەنگ و گونجاوی نیشتمانی گرتەبەر و هەوڵیدا هەرێم لەوە بپارێزێت کە ببێتە قوربانیی شیکردنەوەیەکی رووکەشانە.
ئێستا ئیدی کاتی پێداچوونەوە بە هەڵسەنگاندنی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە. لە روانگەی ستراتیژییەوە، تاران بەدوای لاوازکردنی هەرێمهوه نییە، بەڵکو بەدوای تەعامولێکی پایەدار، ئاسایشی سنوور و پەیوەندیی ئابووریدا دەگەڕێت. هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە هەڵەی ستراتیژی و گەڕانەوەیه بۆ هاوسەنگی.
ئەمەش بهبێ لەبەرچاوگرتنەوەی رۆڵی ئێران و چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا مومکین نابێت. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت لە ئایندەیەکی نزیکدا، هەروەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بمێنێتەوە، پێویستی بە پێداچوونەوە بە رێبازەکانی سیاسەتی دەرەوه، نوێکردنەوەی تیمی راوێژکاران و زمانی سیاسیی خۆی هەیە.
ناوچەکە کەوتۆتە قۆناخی دوای سەختەهێز و پێویستە سیاسەتمەداران زمانی دیپلۆماسی و هاوسەنگی بخەنە شوێنی ههڵچوونه زمانییەکان. پرسیاری سەرەکی بۆ هەرێم ئەمەیە: ئایا وەک جاران پشت بەو راوێژکارانە دەبەستێت کە لە پشت میدیاکانی رۆژئاواوە ئامۆژگاریی بۆ دەنووسن یان لە نێو واقعی ناوچەکەوە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ پێداویستییەکانی پەیوەندی خۆی لەگەڵ دراوسێکانی دهدۆزێتهوه؟
ئێران پەیامێکی روونی ناردووە که بریتییه له: سەقامگیری لە سنوورەکان، کەمکردنەوەی گرژییە نەتەوەییەکان و گەشەپێدانی هاوکاریی ئابووری، لە دروشمی سواو باشترە. ئەگەر هەرێم لە جیاتی ناوچەیەکی دابڕاوی ناسەقامگیر، رۆڵی پردێکی پەیوەندی بۆ خۆی پێناسه بکات، داهاتوویەکی گەشتری دەبێت.
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆدا نە براوەکان سەرکەوتوون، نە دۆڕاوەکانیش نابووت دەبن؛ بەڵکو ئەوانەی کە سەبری ستراتیژی و دیپلۆماسیی هۆشمەندانە دەکەنە پیشەی خۆیان، داهاتوو بنیات دەنێن. هەرێمی کوردستان توانای جیۆپۆليتیکی، مرۆیی و ئابووریی گەورەی هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی کە لە ئەکتەرێکی بەرکارەوە ببێتە هاوبەشێکی کارا، پێویستە هەڵەکانی شیکردنەوەی ئەم دواییانەی خۆی قبوڵ بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و تاران بنیات بنێتەوە و گۆڕهپان بدات بەو کەسانەی کە نوێنەرایەتی عەقڵانییەت و هاوسەنگی دەکەن.
لەوانەیە لە ناوچەیەکدا کە بە رکابەری و پەرچەکردار راهاتووە، داهاتوو بۆ ئەو کەسانە بێت کە رێگەی گفتوگۆ، هاوبەشی و ئاشتی هەڵدەبژێرن.
