شاندە باڵاكەی عێراق پرسی نەوت و موچە یەكلادەكەنەوە

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


لە شەوی ڕابردووە شاندێكی باڵای عێراق لە هەرێمی كوردستانە و بڕیارە كەمێكی دیكە لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم كۆببنەوەو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و موچەی موچەخۆران تاوتوێبكرێت.


شاندە باڵاكەی وەزارەتی نەوتی عێراق كە لەهەولێرن، پێكهاتوون لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و كۆمپانیای سۆمۆ و شاندێكی تەكنیكی، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆببێتەوە.

شارپرێس لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ئەوەی زانیوە، ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەی شاندەكە لەگەڵ هەرێم بۆ تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دەسەڵاتی رێككەوتنیان پێدراوە.

لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیشەوە، پێداچونەوە بە خەرجی و داهاتی دوو مانگی ڕابردوودا دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپۆرتێك ئامادەدەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، زیاتر لە پەنجا ڕۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە و تائێستاش چارەنوسی موچەی مانگی پێنج و شەش نادیارە.