شارپرێس:
کەناڵی CNNـی ئەمریکی ئاشكرایكرد، ترەمپ بەچەند مەرجێك ئامادەیە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران بكات و بڕی 30 ملیار دۆلاریش وەك هاوكاری بۆ بنیاتنانی بەرنامەیەكی ئەتۆمی بداتە ئێران.
کەناڵی CNNـی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی کابینەکەی ترەمپەوە ڕایگەیاند،" بەو مەرجەی ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بهێنێت ترەمپ ئامادەیە هاوکاری داراییان پێ بدات و لە پارە سڕکراوەکانیشیان خۆش بێت".
سەرچاوەكان ئاشكرایان كردووە، ئەگەر هەیە ئیدارەی ترەمپ یارمەتی ئێران بدات بۆ ئەوەی بڕی 30 ملیار دۆلار بۆ بونیادنانی بەرنامەیەکی ئەتۆمی بەرهەمهێنەری وزەی مەدەنی و سوککردنی سزاکان و ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە تەرخان بکات، هەموو ئەمانە بەشێکن لە هەوڵێکی چڕ بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان.
کەناڵی CNNـی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکان دەڵێت، سەبارەت بەم بابەتە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشت پەردەوە لەگەڵ ئێرانییەکان قسەیان کردووە.
ئەوەشیان خستۆتەروو، ئەمریکا چەندین پێشنیازی خستۆتەڕوو بۆ ئەوەی هانی ئێرانییەکان بدات گفتوگۆ بکەن و پێشنیازی پێدانی 20 بۆ 30 ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووە و ئەم بڕە پارەیەش ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە دابین ناکرێت بەڵکو لە ڕێگەی وڵاتانی کەنداوەوە دەدرێت بە ئێران.
هەروەها، ئەمریکا پێشنیازی ئەوەی کردووە هەندێک لە سزاکانی سەر ئێران لابدات تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت شەش ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی لە بانکە جیهانییەکان بەکاربهێنێت.
یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکانی ئەمریکا ئەوەیە، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو پارە تەرخان بکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی بنكەی ئەتۆمی فۆردۆ، بەڵام لە ژێر مەرجی ئەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا نەکرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، هەوڵەکان بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن، ئەمریکا دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت ئێران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئێرانیش تا ئێستا هیچ ڕونکردنەوەیەکی لەسەر دانوستانەکانی داهاتوو نییە.
