ڕۆنوس: ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراو ئازادبکەن و سلێمانی چۆڵبکەن له‌هێزی ئەمنيی

کوردستان

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، یەکەمجارنیە لەپارێزگای سلێمانی دەستەڵاتی حزب لەڕێگەی هێزە سەرکوتکارەکانییەوە پەلاماری ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانی مەدەنیانەی میللەت دەدات و شارەکە دەکاتە سەربازگە و هەمو کوچە و شەقام و گەڕەکێک بەهێزی چەک بەدەست دەتەنێت و زیندان پڕ لەئازادیخوازان دەکات و هەڵدەکوتێتە سەریان.


لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سلێمانی لەگەڵ ستەم و زوڵم و ستەمی دەستەڵاتی شارەکە هەرگیز ڕانایەت و هەمیشە بەرپەرچی داوەتەوە و لەڕەتکردنەوەی ستەم و چەوساندنەوەی خەڵک و بە تاڵانبردنی سامان و داهاتی و توندوتیژی سەر ڕۆژنامەنوسان بەردەوام دەبێت و بێدەنگ نابێت.
 
هەروەها ڕۆنووس دەڵێت، ماوەی دوو شەو و ڕۆژە دەستەڵاتدارانی ئەم پارێزگایە کەوتونەتە گرتنی ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان و سەرکوتکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبەرئەوەی ویستویانە وەک هەمیشە خۆپیشاندانێکی مەدەنی بۆ داواکردنی موچەکانیان و قوتیان ساز بکەن و قۆرخکاری و سیاسەتی برسیکردنی خەڵک ڕەتبکەنەوە، لەدوێنێ چوارشەممەوە ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکراون و تا ئێستا ئازاد نەکراون، ئەمڕۆ پێنجشەممەش ژمارەیەک ڕۆژنامەنوسی دەزگای ڕاگەیاندنەکانی سلێمانی و خۆپیشاندەر دەستگیرکراون و ڕێگە بە ڕوماڵکردنی دیاردەی بە سەربازگەکردنی شارەکە لەلایەن میدیاکانەوە نەدراوە.

دەشڵێت، وێڕای ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هۆکاری نەدانی موچەی مانگی پێنج و شەشی خەڵکی کوردستانە هاوشانی بەغداد، ڕێگەیش لەدەربڕینی ناڕەزایی بۆ موچە و ڕوماڵکردنی دەنگی ناڕەزایی میللەت لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە چەک و هێز سەرکوت دەکەن، بۆیە داوا دەکەین بە زوترین کات دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و ڕوی چەکەکانتان لەمیللەت و دەنگی ناڕەزایی ئەم شارە هەڵبگرن و بیکەنە دوژمنە ڕاستەقینەکانی ئەم میللەتە، بە سەربازگە کردنی شارەکە و بڵاوکردنەوەی چەک بە دەستەکانتان دوربخەنەوە، توندوتیژی سەر ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆتایی پێبهێنن و دەستگیرکراوان ئازاد بکەن.

بەپەلە