ئەمریکا موچەی حەشدی شەعبی ڕاگرت و هۆشداری کاردانەوەی تووند دەدرێت

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1378 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

قەیرانی ڕاگرتنی موچەی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق بۆ مانگی شەش بەرەو هەڵکشان دەچێت. هەرچەنده بەرپرسانی عێراق پشتڕاستی دەکەنەوە کە چارەسەری قەیرانەکە نزیکە، بەڵام لێدوانەکانی دیکە ئاماژە بە "فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا" دەکەن کە بووەتە هۆی دواکەوتنی خەرجکردنی موچە و هۆشداری دەدەن لە کاردانەوەی فراوانتر.

مەیسەم ئەلزەیدی فەرماندەی گرووپی عەباسی دەڵێت، خەزێنەی ئەمریکا هۆکاری ڕاستەوخۆی پشت دواکەوتنی موچەی چەکدارەکانیانە.

لە بەیاننامەیەکدا ئەلزەیدی ڕوونیکردەوە "گەنجینەی ئەمریکا ئەو کۆمپانیایە ئاگادارکردووەتەوە کە مامەڵەی موچەی حەشد جێبەجێدەکات کە دەبێت بکشێتەوە یان ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە".


ئەلزەیدی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کۆمپانیایە بانکی ڕافیدەین و حەشدی شەعبی لەبڕیارەکەی ئاگادارکردووەتەوە".

هەروەها ئەلزەیدی هۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی موچەی بۆ شکستی "کارمەندە کارگێڕی و داراییە پەیوەندیدارەکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ چارەسەرنەکردنی خێرای کێشەکە" گەڕاندەوە.

هاوکات لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی موچە بۆ ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی " لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چارەسەر دەکرێت".
ئ.ه