شه‌مخانى: زۆر ئازاری ئیسرائیلم داوە، بۆیە ویستیان بمکوژن

جیهان

29/06/2025‌ 3627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرایده‌كات، ئه‌وان دەیانزانی هێرشیاندەکرێتەسەر، ده‌شڵێت:"بۆیە پلانمان داڕشت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە، چونکە ئێمە دەزانین تواناکانی خۆمان چەندە، من زۆر ئازاری ئیسرائیلم داوە، بۆیە دەیانویست بمکوژن".


عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، لەچاوپێکەونێکی تەلەفیزیۆنیدا، وتی:"بەرلەوەی ماڵەکەم بۆمباران بکرێت، من لەژوری خۆم نوستبوم، خێزانەکەشم لەژورەکەی تەنیشتم خەوتبوو، کاتی نوێژ نزیک ببوەوە خەریکبوو بەئاگا دەهاتم، لەپڕ هەموو ژورەکەم بەسەریەکدا کەوت، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەژێر داروپەردوی ماڵەکەمدا مامەوەو نوێژیشم لەژێر داروپەردوکەدا کرد".

ڕاوێژکاره‌كه‌ى خامنەیی ئاماژەی بەوەشدا، "کاتێک ژورەکەم بەسەرمدا کەوت، سەرەتا وامزانی بومەلەرزەیە، بەڵام دواتر گوێم لەدەنگی ئۆتۆمبێل بوو، زانیم بومەلەرزە نییەو ئیسرائیل هێرشیکردوەتەسەرمان".

شەمخانی، دەڵێت:"دەزانم بۆچی ئیسرائیل ئامانجی بوو من تیرۆر بکات، بەڵام ئێستا ناتوانم باسی هۆکارەکەی بکەم، تەنها ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە ئیسرائیل لەلایەن منەوە زۆر ئازار دراوە".

هاوکات شەمخانی، باسی لەدۆخی تەندروستی خۆی کردو ڕایگەیاند، "قەفەزەی سینگم شکاوە، هەروەها سەرەتا هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردەوە کە وتیان قاچمیان بڕیوەتەوە، بەڵام قاچم نەبڕاوەتەوە، پێویسته‌ هه‌مولایه‌ك بزانن، بۆ ساتێکیش لەهێرشی ئیسرائیل نەترساوم‌و ناشترسم".

ڕاوێژکاری خامنەیی، باسی لەدانوستانەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا کردو وتی:"دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتن نەبون، بەڵکو بۆ فریودانی ئێمەو دروستکردنی پشێوی بوو لەوڵاتەکەمان، بەڵام خەڵکی ئێمە وانەیەکیاندا بەئەمریکایه‌كان‌و ئیدی تێگەیشتن کە گەمژەن".

شەمخانی، لەدرێژەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد، "ئێمە دەمانزانی هێرشدەکرێتەسەرمان، بۆیە پلانێکیشمان دانابوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە، چونکە ئێمە دەزانین تواناکانی خۆمان چەندە".