ڕۆبیۆ هاته‌ده‌نگ‌و وه‌ڵامێكى توندى ئێران ده‌داته‌وه‌

جیهان

29/06/2025‌ 4246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پشتیوانی خۆی بۆ کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم‌و هەوڵەکانی چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەئێران دەربڕی؛ هاوکات داواکەی ئێران بۆ دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سه‌ركۆنه‌ دەکات.


مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نوسیویەتی، "داواكاری ئێران بۆ دەستگیرکردن‌و سزادانی ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، قبوڵکراو نییەو ئیدانەی دەکەین".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوه‌شکردوە، پشتگیریی لەهەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ چاودێریکردن‌و پشتڕاستکردنەوەکانی لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.

هاوکات بەهۆی هەوڵەکانیان‌و پیشەییبونیان ستایشی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم‌و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەی كرد.

ڕوبیۆ داواش لەئێران دەکات، ئاسایش‌و سەلامەتی کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ده‌سته‌به‌ربکات.

ڕۆژنامەی کەیهان كه‌ نزیكه‌ لەڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕاپۆرتێکی بڵاوکرده‌وه‌و تێیدا ڕافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەسیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتباركردبوو، داوای دەستگیرکردن‌و دادگاییکردن‌و دواجاریش له‌سێداره‌دانى کردبوو.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردبوو، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، زانیاریی نهێنی سەبارەت بەناوەندە سەربازیی‌و ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆ ئیسرائیل گواستوەتەوەو لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی 'فۆکس نیوز' بانگەشەی ئەوەیکردبوو، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ی لەشوێنە مێژوییەکانی ئه‌سفەهان شاردوەتەوە.