شارپرێس:
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیلو ئێران بەنێوەندگیریی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنە سیاسییو ئەمنییەکان لەتەلئەبیب جەخت لەوەدەکاتهوه، ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کۆتاییان نەهاتوە، بەڵکو چوەتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە.
ڕۆژنامەی مەعاریفی عیبری لەسەر زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاندوە، مشتومڕ چیتر لەسەر ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ لەنیوان تارانو تەلئەبیب نییە، بەڵکو قسەکە لەسەر کاتو گۆرەپانی داهاتوە.
باسی لەوەشکردوە، ئیسرائیل وەک هاوسەنگییەکی کاتیی، بەرژەوەندییەکان لەئاگربەست دەڕوانێت، نەک یەکلاییکردنەوەی ستراتیژیی هەمیشەیی.
لەبەیاننامەیەکدا کە چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکە دەریکرد، دەیڤید بارنیا سەرۆکی مۆساد ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێریی جموجۆڵەکانی ئێران دەکەن کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوانیانە.
هەروەک خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەری هەیە لەماوەی داهاتودا لەلوبنان، یەمەن، یان لەڕێگەی هێرشەکانەوە لەسوریا جارێکی تر گرژییەکان سەرهەڵبداتەوە.
رۆژنامەی مەعاریف هۆشداریداوە، لەشێوازێکی نوێی ڕوبەڕوبونەوەی ئێرانو ئیسرائیل بەوە جیادەکرێتەوە ڕوبەڕوبونەوەیەکی کورتو زۆر توندوتیژ دەبێت، کە هەڕەشە لەسەقامگیریی ناوچەکە دەکاتو ئەگەری هەیە واشنتۆن هانبدات دەستێوەردانی سەربازییو دیپلۆماسی خۆی فراوانتر بکات.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان پێیانوایە، قەیرانی متمانە لەگەڵ ئێران بەتایبەتیی سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی، سەرەڕای نێوەندگیری نێودەوڵەتیی، لەوانەش لەلایەن ڕوسیا، یەکێتیی ئەوروپاو بەشێک لەدەوڵەتانی کەنداو، بەردەوامدەبێت.
