بۆڵتۆن له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ چى وت؟

جیهان

29/06/2025‌ 6327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەمیانی دەرکەوتنی لەپۆدکاستێکی فاینانشیاڵ تایمزدا، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بەتوندی ڕەخنەی لەدۆناڵد ترەمپ گرت، لەستراتیژی ئێرانی‌و گومانی لەئەگەری بەدیهێنانی هەر ئاشتییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ تاران.


بۆڵتۆن، پشتگیریی لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کرد کە هەفتەی ڕابردوو سێ پێگەی ئەتۆمی ئێرانی بۆمباران کرد، بەڵام وتی: "پاڵنەرەکانی ترەمپ زیاتر کەسایەتییە نەک ستراتیژیی".

بۆڵتۆن دەڵێت:"پێموایە ترەمپ هەڵبژێردراوە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، هەروەها پێشتر بانگەشەی ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا دەکرد، ئەوەش ڕوینەدا".

چەند کەسایەتییەکی کۆمارییەکان هەوڵی کاندیدکردنی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەدەن، ترەمپ، بەئاشکرا بێزاری خۆی لەچاوپۆشیکردن لەپێدانی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ئۆکرانیاو ڕوانداو ناوچەکانی دیکە. 

بۆڵتۆن، ڕەخنەی لەهەر پلانێکی ئەمریکا گرت بۆ ئەوەی ئێران  30 ملیار دۆلار وەک بودجە بۆ پشتیوانیی لەبەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی دەستبکەوێت‌و بەشتێکی بێمانای لەقەڵەمدا، بەڵام ترەمپ ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە.

بۆڵتۆن باس له‌وه‌شده‌كات، "ئەمە شێتییە، من پلانێک نابینم بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئێران هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، چونکە ئەوە پێویستی بەچاودێرییەکی توند هەیەو سەرکردایەتیی ئێران هەرگیز قبوڵی ناکات".