ڕاشەنی شەوکۆ سەلماندی کە ڕۆحی کورد هێشتا زیندوە

هەمەڕەنگ

29/06/2025‌ 1647 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئاگرین دڵشاد

سێ شەو، هەر شەوێک پتر لەچوار کاتژمێر کۆمەڵەیەک لەنوسەرو ئەدیب‌و هونەرمەندو مێژونوس‌و دەرونناسی کورد، شەنوکەوی ڕاوبۆچونی زۆریان کرد لەسەر دۆزی کوردبون، کرۆکی بابەتەکە لەسەر ئەوە بوو کە کورد وەکو نەتەوە، چۆن توانیویەتی لە ناو قۆقازەی (زمان، وێژە، گۆرانی)دا خۆی حەشارداو بمێنێتەوە؟


لەڕاستیدا من دەمزانی ڕاشەنی شەوکۆ ئامانجی خۆی دەپێکێت، بەڵام نەمدەزانی بەو شێوە مەزنە دەبێ! ئەوکەسانەی لەسێشەوانەی ڕاشەنی شەوکۆدا میوان بون، بریتیبون لە:(خەسرەو جاف، ئەنوەر قەرەداغی، د. شوکریە ڕەسوڵ، جەبار جەمال غەریب، سۆران حەمەڕەش، د. محەمەد خانی، تەڵعەت تاهیر، عەزیز میرزادە، هێمن حسێن، توانا حەمە، هەروەها خۆم‌و د.دڵشاد هیواش وەکو ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامەکە بەشداربوین.

دەمەوێ چەند سەرنجێک بدەم لەسەر بەرنامەکە. گرنگی ئەم بەرنامەیە دەکرێ لەچەند ڕەهەندێکی جیاوەزەوە، تەماشا بکرێ. 

یەکێک لەڕەهەندەکان، کات‌و دۆخی کورد بوو، کە ئایا تا چەند بەرنامەیەکی لەمجۆرە دەتوانێ سود بگەیەنێت؟

بێگومان لەمکاتەدا کە کورد وەکو بەردێک لەنێو بەرداشی وڵاتانی زمانحاڵی مێژوو، دەهاڕدرێ‌و هەرجارێک یەکێک لەو وڵاتانە ماندوو دەبن، دەست دەگۆڕن‌و وڵاتێکی تر دەهێننە جێی خۆیان، دەبوایە بەهەر جۆرێک بێت، بەرنامەیەکی لەمجۆرە، چ وەک زەنگی ئاگادارکردنەوە، چ وەکو خاڵێکی وەرچەرخان یان پزیسکەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، ڕووبدات، چونکە ئەوەی نەتەوەی کورد بەدرێژایی پتر لەدوو هەزارو پێنجسه‌د ساڵە ئەزموونی کردووە لەبێ وڵاتی‌و بێ بوونیی خۆیدا، دەبووایە بخرایەتەوە بەرباس‌و بە گوێی تاکی کوردیدا بیرمان بێتەوە کە چیمان دیوەو لە خۆمان بپرسین (تا کەی؟)

هەروەها گرنگ بوو لەم کاتەدا لەم جۆرە بەرنامەیە بکرایە چونکە پرۆژەی بەبیابانبوون لە زمان و کەلەپور و مێژوو و هونەر و وێژە و چەندین کایەی تری بوونی کوردیدا گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو! بۆیە دەبووایە بیری خۆمانی بخەینەوە کە ئەو لێکەوتانەی لە ئەنجامی ئەم پرۆژەیە دەکەونەوە، چین؟

یەکێک لە ڕەهەندەکانی تر هێنانەوە ناو خەڵکیی نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند و مرۆڤی جوانهزری کوردی بوو، دا ئیدی تەنها لە پشتی مۆبایلێکەوە گوێبیس و بینەریان نەبین. گرنگ بوو کە بزانین ئایە پەیوەندی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی ئەو مرۆڤانە لەگەڵ خەڵکی خۆیاندا، چۆنە؟

هەروەها، دەرفەت ڕەخسا بۆ خەڵکانێک کە پرسیاری لە مێژینە و بێ وەڵامیان ئاراستەی ئەو کەسانە بکەن کە پێیان وابووە وەڵامیان لێیانەوە چنگ دەکەوێ؛ ئەمەش پێم وایە لە هەموو کاتێکدا هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە کە خەڵکانی خاوەن پێگەی جەماوەری ئەو ئەزموونە بکەن لەگەڵ هەوادار و جەماوەری خۆیاندا.

یەکێک لە ڕەهەندەکانی تر ئەوەبوو، خەڵکانێک کە ساڵانێکە تامەزرۆی بۆنە و کۆڕبەندی لەم جۆرەن، توانییان بۆ ماوەی سێ شەو بە بەردەوامی ببیستن و ببینن و چێژ بکەن لە کۆمەڵێک بابەتی فەلسەفی و زانستی و مێژووی و هونەری و وێژەیی و لەناویشیاندا میوزیک و گۆرانی و هۆنراوە و بەسەرهات و چیرۆک. نابێ ئەوەمان بیربچێ کە ئێمەی هونەرکار یان لە هەر کایەیەکدا کە خاوەن پێگەیەکی جەماوەریین، لە کۆتاییدا بەرهەمەکانمان بۆ ئەوانن؛ بۆیە لەوە گرنگتر نابێ و ناکرێ کە ڕاستەوخۆ بەرهەمی هزر و ئەندێشەمان، پێشکەشیان بکەین.

یەکێکی تر لە ڕەهەندەکان، کۆکردنەوەی هەموو ئەو جوانهزرانە بوون لەگەڵ یەکتردا کە بۆ ماوەی سێ شەو، چ لەسەر نیار و چ لە پشتی نیارەوە کۆمەڵێک بابەت تاوتوێ بکەین و سوود لە یەکتر ببینین و ئەوانەی کە لەگەڵیاندا پەیوەندییەکی پێشینەمان هەبوو، توانیمان پەیوەندیمان نوێبکەینەوە و ئەوانەشی کە نەماندەناسین لە نزیکەوە، پەیوەندیمان لە نێواندا بۆ دروست ببێ. هەمیشە ئەمەم وتووە کە بۆچی خەڵکانێکی بکوژ و بازرگانانی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ، لە هەموو لایەکی ئەم جیهانەوە دەتوانن ببن بە دەستە و یەکبگرن، بۆچی خەڵکانی جوانهزر و هاوپیشەی یەکتر و هاوخوێن و هاوزمان و هاوهزری یەکدی نەتوانن کۆببنەوە و ببن بە دەستەیەک؟ بۆیە ئەمە وایکرد کە ئەو هەنگاوەمان نا.

جا با بێمە سەر ئەوەی کە دەرئەنجامەکان چی بوون
توانیمان پێداچوونەوەیەکی گشتی بکەین بۆ هەر سێ بواری سەرەکی بەرنامەکەمان کە (زمان و وێژە و گۆرانی)بوو، هەروەها بۆ کۆمەڵێک کایەی دیش کە کورد توانیویەتی لەگەڵ مێژوودا لە ناویاندا بژی و بمێنێتەوە. ئەمەش وایکرد کە ئێمە و هەندێک لە ئامادەبووانیش گوێمان لە چەند شتێکی نوێ ببێ کە پێشتر لە ناو ئەرشیفخانە و پەڕاوەکانی داگیرکەران و خاوەن بەرژەوەندییەکانا ون ببوون و شاردرابوونەوە. بۆ نموونە ڕەچەڵەک و کەلەپور و زمان و هونەر و کورد چییە و لە کوێوە هاتووە و چۆن بەردەوام بووە لە خەباتی مانەوەی خۆیدا و …هتد. بڕوا بکەن خوێنەرانی ئەزیز هەرگیز لەو هەستە خۆشتر نییە کاتێ گوێت لە باسکردنی سەروەری و دەستکەوت و خاوەنداریەتی نەتەوەی خۆت دەبێت؛ کاتێ گوێت لەو شتانە دەبێ، بۆت دەردەکەوێ کە نەتەوەکەت چەندە گرنگە بۆ مرۆڤایەتی.

هەروەها توانیمان باس لە یادگەی مێژوویی تاکی کوردی بکەین کە چۆن سەرجەم مێژووەکەی خۆی تێدا هەڵگرتووە و هەمیشە دەیگێڕێتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆی.

دواتر باسی هێزەکانی مانەوەی ڕۆحی کوردبوونمان کرد؛ لە ناو ئەو هێزانەدا بۆمان دەرکەوت هەمەڕەنگی و دەوڵەمەندیی زمان و وێژە و هونەر و گۆرانی و …هتد، وایانکردووە کە هیچ کەسێک دەستی بەم نەتەوەی کوردە نەگات و نەتوانێ لە ناوی ببات.

لەشەوی سێیەمدا باسی داهاتووکاری و ئامادەبوونی تاکی کوردیمان کرد لەوەی کە چۆن ئەم گەنجینە پڕ لە گەوهەرەی کەلەپوری کوردی لەگەڵ خۆیدا بەرەو داهاتوو ببات. بێگومان سێشەوانەی ڕاشەنی شەوکۆ بێبەش نەبوو لە مەترسییەکانی سەر چارەنووس و داهاتووی کوردبوون و کورد بە گشتی. بەڵام خۆشبەختانە توانیمان بگەین بەو ئاکامەی کە ئێمە خۆمان وەکو هێزی نافەرمی دەتوانین چەند گۆڕانکاری جددی و گرنگ بکەین و وانە لە شکست و نەزانینەکانی پێشوومان وەرگرین. تەنانەت توانیمان لە هەنگاوە بچووکەکانی وەک (دوان تەنها بە زمانی کوردی لە نێو شارە کوردییەکان و بەکارهێنانی ڕێنووسی کوردی لە گۆڕینەوەی نامەکانی نێو مۆبایلەکانمان و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە ڕۆژانی دڵخۆشیمان و چەند شتێکی ترەوە) دەستپێبکەین تا دەگاتە ئەوەی کە هەرگیز خۆمان بەکەم نەزانین و زمان و وێژە و کەلەپور و هونەری کوردی بگەڕێنینەوە بۆ خەڵک نەک بۆ چەند گۆشە و ژوورێک کە پێی دەوترێت نوخبە. چونکە دڵنیابووینەوە لەوەی کە هێزی مانەوەی کوردبوون تەنها لای خەڵکە و بەبێ خەڵکیش هیچ ناکرێت. 

بڕوا بکەن لە نێو میوانەکاندا هەبوون تۆرابوون لە زۆر شت و بڕیاری دوورکەوتنەوەیان دابوو، بەڵام ڕاشەنی شەوکۆ وایکرد کە بەڵێن بدەن جارێکی تر بێنەوە ناو دنیای نووسین و بڵاوکردنەوە. ئەمە مایەی دڵخۆشی و ئاسوودەیی و ئاکامی باشە.

شایەنی باسە بەرنامەکە لە بۆتەی جۆری گفتوگۆ و کۆڕی نێو دیوەخانی کوردییەوە سەرچاوەی گرتبوو بەڵام لە ژینگە و بۆشاییەکی نوێدا. هەروەها بەبەردەوام چا دەخوراوە و شیرینی و مێوژ و گوێز و هێژیری وشک و کولیچە و چەند شتێکی دیکەش لەسەر مێزی میوانەکان بە بەردەوامیی هەبوون. ئامادەبووانیش، جگە لەوەی لە کاتی بەرنامەکەدا گوڵەبەڕۆژەیان دەخوارد و گوێیان لە گۆرانی و  هۆنراوە و چیرۆک و بەسەرهات دەبوو، لە وچانی نێوان دووبەشی بەرنامەکەدا نان و خواردنەوەیان دەخوارد و دەخواردەوە. هەروەها یەکێک لە دەستەکەوتەکان ئەوەبوو کە لە ماوەی سێشەوانەی ڕاشەنی شەوکۆدا، زیاتر لە هەزار کەس سەردانیان کردین و لەگەڵماندا تا نیوەشەو مانەوە. 

لە کۆتاییدا بۆ منیش وەکو گۆرانیبێژێک کە پێشتر ئەزموونێکم لە بواری پێشکەشکاریدا هەبووە، زۆر دڵخۆشبووم کە توانیم دوای ساڵانێک، جارێکی دی بێمەوە خزمەتی گوێگری خۆم و لە نزیکەوە بیانبینم و گۆرانییان بۆ بڵێم؛ هەروەها بتوانم بەرنامەیەکی بەو جۆرە پیرۆز و گرنگ پێشکەش بکەم. 

ڕاشەنی شەوکۆ لەلایەن هەردوو کۆمپانیاکانی خۆم (ئارتین کراون & ڕاگرین) بۆ بەرهەمهێنانی هونەری بەڕێوەچوو؛ لەگەڵ دەستەیەک ستافی ناوازە و بەتوانای هەردوو کۆمپانیا کە بەڕاستی بەبێ ئەوەی هەست بەماندوو بوون بکەن، توانیان بە درێژایی زۆرتر لە بیست ڕۆژ، ڕۆژانە بۆ ماوەی نزیکەی هەژدە کاتژمێر کاربکەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دڵسۆزانە بەرەو پیری هەر بابەتێک دەچین کە بۆنی کوردبوونی لێبێت، سەلماندیشمان کە وەک دوو کۆمپانیای تایبەت، بارتەقای دەزگایەکی میدیایی گەورە، کاریگەریمان هەبوو.