شارپرێس:
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەپشتبەستن بەسەرچاوە هەواڵگرییەکان بڵاویکردوهتەوە، بەگوێرەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە گوێلێگیراوانەی لەنێوان بەرپرسانی ئێران لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، زیانی پێگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لەئاست پێشبینییەکان کەمتر بوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لەبەرپرسانی ئێران بیستراوە کە باسیان لەوەکردوە، هێرشەکەی ئەمریکا ئەوەندە وێرانکەر نەبوە وەک ئەوەی پێشبینیانکردوە.
ئەو سەرچاوەیە زانیارییەکانی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستکردوهتەوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا گومانی جدیی خۆیان دەربڕیوە لەڕادەی ڕاستگۆیی لێدوانی ئێرانییەکان، باسیان لەوەکردوە، پڕۆسەی گوێ لێگرتنەکە متمانە پێکراو نییە.
ئەم ڕاپۆرتە گومانەکان لەسەر کاریگەریی هێرشەکان بەهێزتر دەکات، بەتایبەتیی بەلەبەرچاوگرتنی هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی بەرگرییەوە کراوە کە دەڵێت؛ ئێران دەتوانێت تەنها لەماوەی چەند مانگێک لەپیتاندنی یۆرانیۆم دواخراوە.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، هێرشەکان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی "بەتەواوی سڕیوەتەوە".
ترهمپ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، جەختیکردەوە، توانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی لەناوچون، ئەمەشی بەکۆتایییەکی کاتی بۆ خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران لەقەڵەمدا.
