شارپرێس:
ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوریی عێراق کۆدەبێتەوەو چاوەڕێدەكرێت بڕیار لەسەر دۆسیەی نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێت.
بەوپێیەی بڕیارە سبەی لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامی کۆبونەوەی شاندەکە بکرێت.
شارپرێس زانیویەتی، شاندەکە نزیکن لەڕێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمەوە ڕادەستی سۆمۆ دەکرێت و بۆ 16 دۆلار بۆ تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێکیش دیاریکراوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئامانجی كۆبونەوەكان گەیشتنە بەڕێككەوتن، لەبارەی نەوتەوە، گفتوگۆکان زۆرباش بون و بەئاڕاستەی چارەسەربون، لەبارەی داهاتی نانەوتیشەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیی پیشانداوە 50%ـی داهات ڕادەستبکات، واتە زیاتر لەوەی کە مانگەکانی ڕابردوو ڕادەستکراوە.
ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 2025، شاندی تەکنیکیی حکومەتی عێراق گەیشتە هەولێرو لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم زنجیرەیەک کۆبونەوەیان لەبارەی نەوت، داهاتی نانەوتی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەڕۆژی شەممەی ڕابردوەوە شاندی حکومەتی هەرێم لەبەغدايه و ڕۆژی یەکشەممە ژمارەیەک کۆبونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ، نوێنەری وەزارەتی نەوت، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامداوە.
ش.ح