ئایا ئەمریکا دەتوانێت هەمان سیناریۆی ئێران لەسەر کۆریای باکور جێبەجێبکات؟

جیهان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتارێکی شیکاریی ویلیام هێنیگانی بڵاوکردوه‌تەوەو تیایدا باس لەکاردانەوەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران‌و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بە کۆریای باکوری کردوە.


هێنێغان پێیوایە ئەم هێرشانە قەناعەتی کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکوری بەهێزتر کردوە کە چەکی ئەتۆمی تاکە گەرەنتی مانەوەی ڕژێمەکەیەتی، بەتایبەتی دوای ئەوەی واشنتۆن 14 بۆمبی بەهێزی بەکارهێنا بەبێئەوەی بتوانێت توانا ئەتۆمییەکانی ئێران پەکبخات.

لەبابەتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کۆریای باکور بەپێچەوانەی ئێران خاوەنی جبەخانەیەکی ئەتۆمییە کە نزیکەی 50 کڵاوەی جەنگی تێدایەو 40 کڵاوەی دیکەش لەقۆناغی پەرەپێداندایە، ئەمە جگە لەموشەکی بالیستیکی کیشوەربڕ.

کیم پێیوایە نەبونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی واشنتۆن لەدژی وڵاتەکەی، بەپێچەوانەی ئەوەی بەسەر ئێرانداهات، پێگەی دانوستاندنەکەی بەهێزتر دەکات، بەتایبەت لەگەڵ پەرەپێدانی جبەخانەو هاوپەیمانییەکانی، وەک ڕێککەوتنی بەرگریی ئەمدواییەی لەگەڵ ڕوسیا.

نوسەر ڕەخنە لەڕێبازی دەیان ساڵەی ئەمریکا دەگرێت، کە داوای داماڵینی هەمەلایەنەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکور دەکات بەبێئەوەی ئەنجامێکی بەرجەستە بەدەستبهێنرێت.

جەخت لەوەدەکاتەوە، داواکارییەکانی پێشوو بۆ گفتوگۆ، چ لەسەردەمی بایدن‌و چ لەسەردەمی ترەمپ، وەڵامنەدراوەتەوە، ئەمەش پێویستی بەگۆڕانکاریی لەستراتیژیدا هەیە.

نوسەر داوادەکات ڕێبازێکی واقیعی پەیڕەوبکرێت کە دۆخی ئێستای ئەتۆمی کۆریای باکور بەبێ شەرعیەتدان قبوڵبکات، لەڕێگەی هەنگاوەکانی وەک بەستنەوەیی بەرنامەکە لەبەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان، لەهەمانکاتدا نیگەرانییەکانی هاوپەیمانانی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.

نوسەر لەکۆتاییدا داوای وازهێنان لە وەهمەکانی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆریاو گرتنەبەری سیاسەتی خۆگرتنی نەرم دەکات کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت‌و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان کەمبکاتەوە.