سودانی: سیستمی بەرگریی ئاسمانیمان هەبوایە بەرپەرچی فڕۆکەکانی ئیسرائیلمان دەدایەوە

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 142 جار خوێندراوه‌ته‌وه


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی گونجاوی نەبوە بۆ بەرپەرچدانەوەی تێپەڕبونی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە ئاسمانی عێراقدا لەكاتی هێرشكردنە سەر ئێران.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی فارسی، وتی"هۆكاری ئەوەی نەمانتوانی رێگری لە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بكەین كە ئاسمانی عێراقیان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاردەهێنا، ئەوە بو كە سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی گونجاومان نەبو."

سودانی لە بەشێكی دیكەی ئەو چاوپێكەوتنەدا كە بڕیارە رۆژی چوارشەممە، بەتەواوەتی بڵاوبكرێتەوە، وتویەتی"نزیكەی 48 سەعات بەر لە دەستپێكردنی جەنگەكە، هەمو هەڵسەنگاندنە ئەمنی و سیاسی و تەنانەت میدییاییەكانیش باسیان لەوە دەكرد كە رودانی كردەیەكی سەربازی نزیكە."

وتوشیەتی"ئێمە لە دۆخێكی بەمشێوەیەدا بوین، هاوكات ئێمە بە گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ دۆستان و هاوپەیمان و دراوسێكانی عێراقدا، لەبارەی مەترسییەكانی دەستدرێژییەكی لەمشێوەیە هۆشداریمان دەدا. راپۆرتە ئەمنییەكان بەزاندنی ئاسمانی عێراقیان پشتڕاستكردەوە، هەواڵەكان باسیان لە دەستدرێژیكردنە سەر ئێرانی دراوسێمان كرد."

لەبارەی ئەوەی چ هەنگاوێكیان گرتۆتەبەر بۆ بەرگرتن لە پێشێلكردنی ئاسمانی عێراق، سودانی وتی "پێشێلكردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتێكی سەربەخۆی ئەندامی نەتەوە یەكگرتوەكان و پیشێلكردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانە و هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر سوپاو ئاسایش و هاوڵاتیانی عێراق."

جەحتیشی كردۆتەوە كە دەستوری عێراق بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەكە بۆ دەستدرێژكردنە سەر وڵاتانی دیكەی قەدەغەكردوە، بۆیە ئەو دەستدرێژییە، پێشێلكردنی یاساكانی ئێمەشە، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە پێشكەشكردنی سكاڵای رەسمی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رێكاری یاساییمان گرتەبەر.