شارپرێس:
ڕوداوێکی سەیرو جێگەی پرسیار لەسنوری پارێزگای دهۆک ڕویدا، کە دەزگا تەندروستیو دادوەرییەکانی خستە بەردەم دۆخێکی نەخوازراوهوه.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ئاکرێ ڕایگەیاند، تەرمی منداڵێک دۆزراوەتەوەو بەئهمبوڵانس ڕەوانەی پزیشكى دادى دهۆک کراوە بۆ پشکنینو دڵنیابونهوه لەهۆکاری مردنەکەی.
ئەمڕۆ، پزیشكى دادى دهۆک لەلێدوانێکدا هەواڵەکەی تەندروستیی ئاکرێى ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، "ئەوەی لەئاکرێوە وەک تەرمی منداڵ ڕەوانەی ئەوان کراوە، منداڵ نهبوه، بەڵکو پشیلەیەکی مردارهوه بوو بوه".
لەسەر ئەو هەڵە گەورەیە، تەندروستیی ئاکرێ وەڵامێکی سەیرو ساردوسڕی داوهتهوهو وتویهتى، "پشکنینی تەرم کاری ئێمە نییە، ئێمە بەبێ ئەوەی سەیرى بکەین چییە، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی پزیشكى دادى دهۆکمان کردوە".
ئەم ڕوداوە نیگەرانی دروستکردوە لهسنورهكهدا سەبارەت بەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمو پێداویستیی وردبینی زیاتر لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، بۆ ئەوەی هەڵەی لەمشێوەیە دوبارە نەبێتەوە.