شارپرێس:
هەستکردن بەلەرزو ساردی بەردەوام، تەنانەت لەکەشوهەوای گەرمدا، لەوانەیە نیشانەی کێشەیەکی تەندروستیی بێت، بهگوێرهى وتهى شارەزایان، هەندێک هۆکاری پزیشکیی باو لەپشت ئەم حاڵەتەوەن، لەوانە:
1. کەمی ئاسن:
ئەمە باوترین هۆکاری هەستکردن بەساردییە پەیوەندیی بەکەمی هیمۆگلۆبینەوە هەیە لەخوێندا. کاتێک هیمۆگلۆبین کەمدەکات، توانای خوێن بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ ئەندامە گرنگەکان لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شانەکان بەباشی خۆراک وەرنەگرن، بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەم کێشەیە، بۆرییەکانی خوێن فراوان دەبن تا خوێنی زیاتر بگوازنەوە، ئەمەش وا لەکەسەکە دەکات هەست بەلەرز بکات.
هەر بەم هۆیەشەوە، زۆرێک لەژنان لەکاتی سوڕی مانگانەدا هەستیارییان بۆ سەرما زیاددەکات.
2. کەمیی هۆرمۆنەکانی ڕژێنی دەرەقی:
کەمیی ڕژێنی دەرەقی دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئەو هۆرمۆنانەی کە دروستیاندەکات، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی هەستکردنی بەردەوام بەلەرزو ساردی. کاتێک ئەم هۆرمۆنانە کەمدەکەن، پڕۆسەی مێتابۆلیزم (زیندەپاڵ) لەلەشدا خاو دەبێتەوە کە دەبێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاوی پلەی گەرمیی لەش.
بۆیە، ئەگەر کەسێک بەردەوام هەست بەساردیی دەکات، لەوانەیە پێویست بکات پشکنینی فهرمانی ڕژێنی دەرەقی بکات بۆ دڵنیابونەوە لەبونی هەر کێشەیەک.
3. بەرزی ئاستی شەکر لەخوێندا:
نەخۆشیی شەکرە یەکێکە لەهۆکارە ئەگەرییەکانی زیادبونی هەستیاریی بۆ سەرماو هەستکردنی بەردەوام بەلەرز. لەکاتی توشبون بەشەکرە، پڕۆسەی خۆراکپێدانو گەیاندنی خوێن بەخانەکان تێکدەچێت کە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی زۆری وزە لەناو لەشدا، کاتێکیش لەش وزەی کەمدەبێت، دەستدەکات بەکەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە لەوانەش ئەو وزەیەی کە بۆ پاراستنی گەرمی لەش تەرخانکراوە.
یەکێکی تر لەهۆکارەکانی هەستکردنی بەردەوام بەسەرما لای نەخۆشانی شەکرە، تێکچونی دەمارەکانە (neuropathy)، زیان بەشانە دەمارییەکان دەگەیەنێتو لەقۆناغە پێشکەوتوەکانیدا لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچونی زیندەپاڵو نەخۆشییەکانی دڵو بۆرییەکانی خوێن.
بەگشتیی، ئەگەر کەسێک هەستکردنی بەردەوامی بەسەرما هەیە لەگەڵ نیشانەکانی دیكهى وەک تینوێتی بەردەوام، میزکردنی زۆرو ئارەزوی زۆر بۆ خواردنی کاربۆهیدراتو شیرینی، پێویستە پشکنینی ئاستی شەکر لەخوێندا بکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
