شارپرێس:
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، قەتەر و ئەمریکا نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی هاوکاریی بەرگریی، ئەمەش دوای هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوی ئیسرائیل کە سەرکردەکانی حەماسی لە قەتەر کردە ئامانج.
ڕۆبیۆ لە کاتی بەجێهێشتنی تەلئەبیب بەرەو دۆحە وتی: ئێمە هاوبەشییەکی نزیکمان لەگەڵ قەتەرییەکان هەیە. "لە ڕاستیدا ئێمە ڕێککەوتنێکی هاوکاری بەرگریمان هەیە کە کاری لەسەر دەکەین، و خەریکە دەگەینە کۆتایی بۆ بەرەو پێشبردنی"
مەجید ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، ڕۆبیۆ لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر کۆبووەتەوە و هاوکاری بەرگرییان تاوتوێ کردووە.
ڕۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای سەردانەکەی وتی: ئەم هێرشەی ئیسرائیل بێگومان پێویستی بەنوێکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرگری ستراتیژی نێوان ئەمریکاو قەتەر خێراتر دەکات".
ئ.ه