شارپرێس:
سوریا گفتوگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل خێراتر دەکات، لەژێر فشاری ئەمریکادا، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی کە هیوادارە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئەو خاکەی کە بەم دواییە دەستی بەسەردا گرتووە.
چوار سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، واشنتۆن گوشاردەکات بۆ پێشخستنی گفتوگۆکان بەتایبەت تا ئەو کاتەی سەرکردەکانی جیهان لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە نیویۆرک بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە دەبن، ئەمەش ڕێگە بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەدات پێشکەوتنەکان ڕابگەیەنێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تەنانەت ڕێککەوتنێکی کەمیش دەسکەوتێک دەبێت بۆ ئەمریکا، ئاماژەش بە هەڵوێستی توندی ئیسرائیل لە دانوستانەکان و لاوازی پێگەی سوریا دوای توندوتیژی تائیفی لە باشور دەدرێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەی لەگەڵ نۆ سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشوری سوریا کردووە. سەرچاوەکان بریتین لە بەرپرسانی سەربازی و سیاسی سوریا و دوو سەرچاوەی هەواڵگری و بەرپرسێکی ئیسرائیلی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئامانجی سوریا، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لەو خاکەی لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گرتووەو گەڕاندنەوەی ئەو ناوچەیە کە لە ئاگربەستی ساڵی ١٩٧٤دا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و دەستدرێژییە زەمینیەکانی بۆ ناو سوریا.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، لەگفتوگۆکاندا باس لە دۆخی بەرزاییەکانی جۆلان نەکراوە کە ئیسرائیل لە شەڕی ١٩٦٧دا داگیری کردووە.
سەرچاوەیەکی سوری کە ئاگادارە لە هەڵوێستی دیمەشق باسی لەوە کرد کە ئەم پرسە "بۆ داهاتوو" بەجێدەهێڵرێت.
ئ.ه
