ماركۆ ڕۆبیۆ: دڵخۆش نه‌بوین به‌هێرشه‌كه‌ى سه‌ر قه‌ته‌ر

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر بارەگای حەماس لەقەتەر دڵخۆش نەبوه‌؛ هاوکات سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەوە ئاماژەیداوه‌ به‌وه‌ى، کوشتنی سەرکردەکانی ئەو گروپە، واتە کۆتاییهێنان بەشەڕ.


مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر بەڕۆژنامەنوسانی وتوه‌، "ئه‌مریكا به‌گشتیى بەهێرشەکان دڵخۆشنەبوین، بەڵام ئەوەی ڕویدا، ڕویدا".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، ئەو هێرشانە بۆسەر قەتەر، کاریگەریى ناکاتەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەوە دەکەن.

لاى خۆیشیه‌وه‌ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویەتی، "لەناوبردنی سەرکردەکانی حەماس ئاستەنگەکانی بەردەم کۆتاییهێان بەشەڕی غەززەو ئازادکردنی بەرمتەکان ناهێڵێت".

وتوشیه‌تى، "ئەو سەرکردانە بۆ خۆیان لەقەتەر دەژین‌و هیچ گرنگییەک بەهاوڵاتییانی غەززە نادەن، هاوکات ڕێگریی لەهەموو هەوڵێکیش بۆ گەیشتن بەئاگربەست دەدەن".

ڕۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک)، هێرشی ئاسمانییان کردەسەر بارەگایەکی حەماس لەدەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.