بۆچی لاهور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحید هیچ پەیامێکیان نییە؟

ڕاپۆرت

11/09/2025‌ 9268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەوڵاتانی ناوچەکە، تورکیا بە نمونە، هەر کاتێک سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەستگیردەکرێت، جگە لەوەی ئەو سەرکردەیە مافی بینینی کەسوکار و پارێزەرەکانی هەیە، مافی ئەوەشی هەیە پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە زیندانەوە بەو کەسانەدا بنێرێتە دەرەوەی زیندان.. بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەر کەسایەتییەکی سیاسی دەستگیردەکرێت، کەس نازانێت ئەوانەی سەردانی دەکەن چی لەگەڵدا دەڵێن، دوو نمونەی دیاری ئەم ماوەیەی ڕابردووش دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێ و لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلە. کە لەوکاتەوەی لە زیندانن، هیچ پەیامێکیان بۆ دەرەوەی زیندان نەناردووە.

هەردوو کەسایەتییە سیاسییەکەی ئۆپۆزسیۆن خاوەنی دوو لاپەڕەی بەهێزن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تا پێش دەستگیرکردنیان ئەو لاپەڕانەیان لە پۆستکردن و کاردانەوەی خەڵک ئاگری دەکردەوە، بەڵام لەوەتەی دەستگیرکراون، لاپەڕەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێدەنگ بوون...

پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ ڕێگە بە هیچ پەیامێکی سیاسی ئەوان نادرێت هاوشێوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە ئاڕاستەی لایەنگرەکانیان بکرێت؟ یاخود ئەگەر پەیامێکیان هەیە بۆچی لەڕێگەی لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوی ناکەنەوە.

هەردوو سەرکردەکە ڕۆژانێکی سەختیان لەڕێدایە، چونکە مانگی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و حزبەکانی ئەوانیش چاویان لە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگە، بەڵام هێشتا خۆیان دەنگیان بە دەرەوە ناگات، چۆن چاوەڕێی دەنگی خەڵک دەکەن؟ ئاخۆ ئەوانیش دەتوانن وەك دەمیرتاش کەرنەڤاڵی بانگەشە بە پەیامە ئاگرینەکانیان گەرم بکەن؟ یاخود هەر لە تیڤی زیندانەوە دەبینن چی ڕوودەدات؟

لە هیچ یاسایەکی عێراقیدا باس لەوە نەکراوە کەسایەتیەکی سیاسی ئەگەر وەك تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵدا کرا، هەموو قسەکردن و دەربڕینێکی ڕای خۆی لێ قەدەغە بکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەو دوو کەسایەتیە خۆیان نایانەوێت قسە بکەن و بە جەماوەرەکەیان بڵێن چی بکەن و چۆن ئەم ڕۆژانە تێپەڕێنن و کاریگەریی لەسەر پێگەی جەماوەریی حزبەکانیان نەبێت...

لە مێژووی باشووری کوردستاندا یەکەمجارە سەرۆکی حزبێک دەستگیردەکرێت و هەوڵیش دەدرێت لەدادگا کێشەکان یەکلابکرێنەوە، بابەتەکان چەند ڕاستن یاخود سیاسین، ئەوە پرسێكی دیکەیە و دادگا بڕیاری لێدەدات، بەڵام دەستگیرکردنی ئەو دوو سەرکردەیە هەردوکیان دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی مێژوویی، کە ئاخۆ زیندان کۆتایی بە خەبات و هەڵویستی توندیان دەهێنێت، یاخود لەوێوە شێوازێکی نوێی خەبات دەستپێدەکەن... ئەوەی لەودیو دیوارەکانی زیندانەوە تا ئێستا لەسەر ئەو دوو سەرۆک حزبە دەیزانین ئەوەیە، تۆماری دەنگیی یەکێکیان لە دادگا باسی تۆمەتەکانی سەری دەکات و توند قسە دەکات، ئەوەی دیکەشیان داوایکردووە کتێبەکانی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری پێشووی گۆڕانی بۆ ببەن بۆ زیندان.