شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایکرد، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە، سەردانی ئیسرائیل دەکات، دهشڵێت، "لهو سهردانهیدا ڕۆبیۆ، جەخت لەئامانجە هاوبەشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دەکاتەوە".
شەڕی غەززە بەردەوامەو لەدوەم ساڵی نزیکدەبێتەوەو ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەکەرتی غەززە چرتڕکردوەتەوەو دانوستانەکانی حەماسو ئیسرائیلیش هیچ دەرئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوەو تەنانەت ئاڵۆزیی تێکەوت دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر سەرکردەکانی حەماس لەقەتەر لەهەفتەی ڕابردودا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕاگەیهنراوێكدا ئاشكرایكردوه، ''مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لەم هەفتەیەدا گەشت بۆ ئیسرائیلو بەریتانیا دەکات لەنێوان ڕۆژانی 13 بۆ 18ی ئەم مانگە''.
ئهوهشى ئاشكراكردوه، ''ڕۆبیۆ ڕۆژی شەممە 13ی ئەیلول بەرەو ئیسرائیل دەچێتو پرسە فراوانەکانی پەیوەست بەئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ململانێی نێوان ئیسرائیلو حەماس تاووتوێدەکاتو جەخت لەئامانجە هاوبەشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دەکاتەوە، لەوانە ڕێگریکردن لەحوکمی حەماس لەغەززە''.
چاودێرانیش بۆچونیان وایه، ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل لەبۆردومانکردنی کەرتی غەززە بەردەوامەو ئۆپەراسیۆنەکانی چرتڕکردوەتەوە، هاوکات ڕۆژی 9ی ئەم مانگەش، ئیسرائیل کۆبونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسی لەشارى دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆردومانکردو ئەمەش کاردانەوەی وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێناو گرژییەکانی زیاترکرد.
16ی ئهم مانگهش، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەردانی بەریتانیا بکات ڕۆبیۆش لەگەڵی دهچێتو سەردانەکەیان لە 18ی ئەیلول کۆتایی دێت.
