شارپرێس:
هەریەک لەسعودیەو فەرەنسا پێشوازیی لەبڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکان دەکەن بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینو ئیسرائیل، بهڵام وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، بەتوندی ڕەتیدەکاتەوە.
دوێنێ هەینی، نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیاری دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ ئیسرائیلو فەڵەستین خستە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پشتیوانی لەبڕیارەکە کرا، بڕیارەکە لەلایەن 142 دەوڵەتەوە پشتیوانی لێکرا، 10 دەوڵەت دژی بونو 12 دەوڵەتیش مافی بێدەنگیان بەکارهێنا.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەپلاتفۆرمی ئێکس نوسیویهتى، "بەسەرکردایەتی فەرەنساو سعودیە، 142 دەوڵەت پشتیوانییان لە"بەیاننامەی نیویۆرک" کرد بۆ چارەسەری ناکۆکی نێوان ئیسرائیلو فەڵەستینو دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، پێکەوە ڕێڕەوێک دیاریدەکەین بۆ ئاشتیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو هیچ گەڕانەوەو پەشیمانییەک لەم بڕیارە بونی نابێت".
حوسێن شێخ جێگری سەرۆکی فەڵەستین لەڕاگەیهنراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، "بەبڕیارێکی مێژویی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەنگاوێکی گرنگ بەئاراستەی کۆتاییهێنان بەداگیرکارییەکانی ئیسرائیل نرا، داننان بەدەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین وێنایەکی گەورەبوو بۆ پشتیوانیکردن لەمافی گەلی فەڵەستین لەدیاریکردنی چارەنوسی خۆی، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ئاشتییو سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
لهبهرامبهر ئهو بڕیارهدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردهوهو تێیدا بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکانی ڕەتکردوهتهوهو دهڵێت:"ئیسرائیل زۆر بەتوندی بڕیارەکە ڕەتدەکاتەوەو بەهەموو شێوەیەک دژی دەبێت، چونكه ئهو بڕیارە سیاسییو دژ بەتهلئهبیبه".
