پەیەدە هەڵوێستی خۆی لەبارەی سەردانی شاندی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق ئاشکراده‌كات

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەروین یوسف هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (په‌یه‌ده‌) ڕایگەیاند، بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکەسە) لەلایەن حکومەتی کاتیی سوریاوە هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی کوردو لاوازکردنی پێگەیان.


لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی نۆرس پرێس-ی نزیک لەئیدارەی خۆسەر، یوسف ڕایگەیاندوه‌، "ئەم بانگهێشتکردنە تاکلایەنە، بەبێ بەشداری پێکردنی شاندی هاوبەشی کورد کە لەکۆنگرەی یەکڕیزیی سەرچاوەیگرتوە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دیمەشقە کە دەیەوێت بەجیا جیا مامەڵە لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بکات، نەک وەک هێزێکی یەکگرتوو".

لەهەمانکاتدا، یوسف سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەدورخستنەوەی شاندی هاوبەش کە نوێنەرایەتی ئیرادەی کورد لەسوریا دەکات، بەتایبەتی دوای کۆنگرەی نیسانی ڕابردوو.

جەختیشیکردەوە، هەر سەردانێکی تاکلایەنە، چ لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەوە بێت یان لەلایەن پارتی یەکێتیی دیموکراتی، هەنگاوێکی هەڵەیە.

بەوتەی ناوبراو، "پێویستە پێگەی یەکگرتویی کورد بەشاندێکی هاوبەش نوێنەرایەتی بکرێت لەهەر گفتوگۆیەک لەگەڵ دیمەشق".

ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ ئەم شاندە نەنێردراوە.

ئەم لێدوانانەی په‌روین یوسف لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمییان لەحکومەتی سوریا وەرگرتوە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریاو جەختیانکردەوە، کۆبونەوەکە بۆ گفتوگۆ دەبێت نەوەک دانوستانکردن.