به‌رپرسێكى كورد له‌به‌غدا زانیارییه‌كى گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پەیوەندییەكان‌و بەدواداچونی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لەبەغدا دەڵێت، "ئەوەی بەغدا سەبارەت بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم داوا لەهەولێر دەكات، لەدەرەوەی دەستورو یاسایە"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "حکومەتی عێراق لەپرسی موچەدا، تەنها كات دەكوژێت، چونكه‌ داواكردنی ڕای ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ نمونه‌یه‌كى زیندوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى دورو نزیك ئه‌م بابه‌ته‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی كارو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌".


تائێستا كێشەی هەولێرو بەغدا سەبارەت بەموچەی فەرمانبەران‌و موچه‌خۆرانى هه‌رێم هیچ به‌ره‌و پێشچونێكى به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، سه‌رچاوه‌كانیش ده‌ڵێن، دوو لەمپەر لەبەردەم چارەسەركردنی گرفتەكە هەیە یەكێكیان هەناردەكردنەوەی نەوتە كە چارەسەركردنەكەی لەهەنگاوەكانی كۆتاییەو لەمپەڕی دوەمیان داهاتی نانەوتیی هەرێمه‌ كە ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بابەتەكەی داوەتە ئەنجومەنی دەوڵەت‌و داوای بۆچونی سەبارەت بەمادە یاساییەكانی تایبەت بەداهاتی نانەوتی دەكات، ئەگەری زۆر هەیە كە بۆچونێكی ئەرێنیی ئەنجومەنەكە ئەو گرفتەش چارەسەربكات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پەیوەندییەكان‌و بەدواداچونی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لەبەغدا بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، "ئه‌وه‌ی به‌غدا داوایده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ناردنی موچه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستورو یاساكانی بودجەو كارگێڕیی دارایی‌و بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هەرچەندە دادگای فیدڕاڵی بڕیاریداوە بابەتی موچە تێكەڵ به‌ململانێی سیاسی نەكرێ، بەڵام بەغدا بەبیانوی دیكە كێشەی بۆ موچە دروستكرد.

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "دوایین هه‌وڵی به‌غدا بۆ خۆدزینه‌وه‌و كوشتنی كات بۆ ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم داواكردنی ڕای ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت بوو، كه‌ دورو نزیك ئه‌م بابه‌ته‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی كارو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌، بەڵكو ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییەوە یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان".