به‌بڕیارێك پارەی بەشەخۆراكی مانگانە بۆ دوو هێندە زیاد دەكرێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بریكاری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم بڕیارێكى به‌غدا له‌باره‌ى پاره‌ى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى هاوڵاتیانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند گۆڕانكارییەك لەسەبەتەی خۆراكی مانگانەدا دەكات‌و پارەی خۆراكی مانگانەش بۆ دوو هێندە زیاد دەكرێت".


سەروەر كەمال بریكاری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكردوه‌، لەسەرەتای مانگی كانونی یەكەم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند بڕیارێكی نوێ لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە جێبەجێدەكات، كە هەموو عێراق‌و هەرێمیش دەگرێتەوە، هه‌رچه‌ند تائێستا ئاگاداركردنەوەمان پێنەگەیشتوە، به‌ڵام دەبێت تاوەكو مانگی كانونی یەكەم پێمان بگات‌و هەمولایەك جێبەجێی بكەن".

بەوتەی سەروەر كەمال، بڕیارەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراقەوە دەرچوە، بەئامانجی ئەوەی ئەوكەسانەی شایستە نین، بەشەخۆراكەكەیان ببڕدرێت‌و كوالێتیی بەشەخۆراكی مانگانەش باشتر بكرێت.

بریكاری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم دەڵێت، "ئەم بڕیارە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاوسەنگیی بازاڕ دەبێت‌و نرخ تێكدەدات، ئەوكەسانەی داهاتی مانگانەیان كەمە، زەرەرمەند دەبن".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، درەنگانی شەوی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەڕاگەیه‌ندراوێكدا داوای لەبریكارانی خۆراك‌و بریكارانی ئارد كرد، سەردانی بنكەكانی دابەشكردن بكەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراكی مانگانەو ئارد، بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیاندا.

وەزارەتەكە وتویه‌تى، "ئەو بڕە پارەیەی لەهاوڵاتیان وەردەگیرێ تەنها 500 دینارەو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە لەهەندێك میدیادا بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بەزیادكردنی كرێی دابەشكردن یان گۆڕانكاریی لەڕێكارەكانی بێبەشكردن‌و لەمكاتەدا ئەو ڕێكارانە جێبەجێناكرێن".

كۆبونەوەی ژمارە 28ی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوری كە لە1ى 9ى 2025 بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێكی نوێ لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە دراو لەنوسراوێكدا بڵاوكرایەوە، "بڕی ئەو پارەیەی لەهاوڵاتییان وەردەگیرێت زیاد دەكرێت بۆ هەر كەسێك هه‌زار دینار وەردەگیرێت، بەو مەرجەی وەزارەت پارەكە بۆ دابینكردن‌و باشتركردنی بەشەخۆراك بەكاربهێنێتەوە، هەروەها بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانە ڕادەگیرێت كە موچەكەیان لەیەك ملیۆن دینار زیاترە (تەنها موچەخۆرەكە دەگرێتەوەو ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی بەشەخۆراكیان وەردەگرن)".

لەنوسراوەكەدا هاتوە، "ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانەی موچەكەیان لەیەك ملیۆن‌و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراكی مانگانەی خۆیان‌و هەموو ئەندامانی خێزانەكەیان رادەگیرێت".

بڕیارەكە لە1ى 12ى 2025وە جێبەجێدەكرێت، به‌گوێره‌ى نوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوری، "خاوەن كۆمپانیاو بەڵێندەرەكانیش بەشەخۆراكی مانگانەیان ڕادەگیرێت".

لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە دوو ملیۆن‌و 74 هەزارو 129 كەس، لەپارێزگای هەولێر زیاتر لەیەك ملیۆن‌و 960 هەزار كەس‌و لەپارێزگای دهۆكیش زیاتر لەیەك ملیۆن‌و 320 هەزار كەس مانگانە لەڕێگەی فۆڕمی خۆراكەوە بەشەخۆراك وەردەگرن.