ڕێککەوتنی غەززە چارەنووسی چەکدارە فەلەستینییە هاوکارەکانی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە

جیهان

11/10/2025‌ 423 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

یاسر ئەبو شەباب و گرووپە چەکدارەکەی ئەمڕۆ لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدان، لەگەڵ چوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ بواری جێبەجێکردن، دوای ئەوەی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا وەک یەکێک لە دیارترین میلیشیا ناوخۆییەکان دەرکەوتن کە لەلایەن تەل ئەبیبەوە پشتیوانییان لێدەکرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حەماس لە خان یونس و ڕەفەح.

لەئێستادا پرسیار لەسەر چارەنووسی ئەو کەسانە درووست بووە کە شەقامی فەلەستینی بە تۆمەتەکانی "خیانەت، سیخوڕی، تاڵانکردن و ڕێگرتن لە دابەشکردنی یارمەتییەکان" بەدوایاندا دەگەڕێت، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بە ناکۆکی ناوخۆیی لەنێوان شاباک و سوپا سەبارەت بە داهاتوویان دەکەن.

 لە کاتێکدا دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی (شاباک) پێشنیاری گواستنەوەی هەندێک لە ئەندامانی بۆ سەربازگە کاتییەکان لە دەوروبەری غەززە کردووە بۆ پاراستنیان و کۆنترۆڵکردنیان لە ڕووی ئەمنییەوە، سوپا ئەو پێشنیارەی ڕەتکردۆتەوە و هۆشداریداوە لە مەترسی گریمانکراو لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیلی، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی ئاماژەکان بۆ هەڵاتنی هەندێکیان دوای وەرگرتنی بەڵێنی لێبوردن لە حەماس.

ڕۆژنامەی هائارتسی عیبری ئاشکرای کردووە کە شاباک پێشتر پلانی ئامادە کردبوو بۆ کارپێکردن و پشتگیریکردنی گرووپە ناوخۆییەکان لەناو غەززە، بە مەبەستی ڕاوەدوونانی ئەندامانی حەماس و کۆکردنەوەی زانیاری. 

بەپێی ڕاپۆرتەکان، چەکی دەستبەسەرداگیراو دراوە بەم گرووپانە و مووچە بە ئەندامانیان دراوە، کە وای لێکردوون ببنە "هێزێکی بەکرێگیراوی خۆجێیی" کە بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای ئیسرائیل کاریان کردووە.

 ئەبو شەباب لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو وەک "سەرکردەی هێزە جەماوەرییەکان" لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح دەرکەوت، پێش ئەوەی دادگای شۆڕشگێڕی لە غەززە حوکمی دادگاییکردنی بە تۆمەتەکانی خیانەت و یاخیبوون بە چەک دەربکات.

ئەم بابەتە تەنها لەسەر ئەوکەسە سنووردار نەبوو، بەڵکو ناوی حوسام ئەستەڵیش لە خان یونس دەرکەوت، کە پێشتر تۆمەتبار بووە بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی ئەندازیار فادی ئەلبەتش، و لە ساڵی 2022ەوە حوکمی لەسێدارەدانی غیابی بەسەردا سەپێنراوە.

لە بەرامبەردا، ئاژانسی قودس پرێس لە زاری سەرچاوەکانی ناوخۆی غەززە گواستوویەتیەوە کە پەیوەندی نهێنی لەنێوان هەندێک لە ئەندامانی ئەم میلیشیایانە و ڕیشسپییەکانی عەشیرەتەکاندا هەیە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕێککەوتنی یاسایی کە لەوانەیە خۆبەدەستەوەدان و دڵنیابوون لە نهێنی دادگاییکردنەکان بگرێتەوە.

 بەڵام، ترسی تۆڵەسەندنەوە یان تەسفیە و پاکتاوکردن لە ناوەڕاستی داواکارییە جەماوەرییەکان بۆ دادگاییکردنی ئاشکرا هەر ماوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی