شارپرێس:
سەکتەی مێشک یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی مردنو کەمئەندامی لەسەرتاسەری جیهاندا، بەجۆرێک ساڵانە نزیکەی 12 ملیۆن حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێت، کە دەبێتە هۆی حهوت ملیۆن حاڵەتی مردن.
زۆربەی حاڵەتەکان بەهۆی ئەو هۆکارە مەترسیدارانەوە ڕودەدەن کە دەتوانرێت ڕێگرییان لێبکرێت وەک بەرزبونەوەی پەستانی خوێن، قەڵەوی، جگەرەکێشانو پیسبونی هەوا.
سەکتەی مێشک هەموو تەمەنەکان دەگرێتەوە، لەوانەشی تەمەنیان لەخوار 55 ساڵەوەیە لەماوەی ڕابردودا ڕوی لەزیادبونکردوە.
سەکتە دەکرێت بەسەر دوو جۆری سەرەکییدا دابەشبکرێت: ئیسکێمیک، کە باوترین جۆرەو کاتێک ڕودەدات کە یەکێک لەبۆرییەکانی خوێن لەمێشکدا گیران دروستدەکاتو هیمۆڕەجیک (خوێنبەربون) کە بەهۆی تەقینی بۆرییەکی خوێنەوە ڕودەدات بەهۆی بەرزبونەوەی پەستانی خوێنەوە.
پزیشکان جەخت لەوەدەکەنەوە، کات هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە لەچارەسەرکردندا، چونکە دواکەوتنی دەستێوەردان دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی مێشک.
نیشانەکانی دیکە بریتین لەلەدەستدانی هاوسەنگی، لاوازی یان سڕبون لەیەکێک لەلایەکانی جەستە، شۆڕبونی ڕوخسار، تێکچونی بینینو قورسی لەقسەکردندا.
لەوانەیە ئافرەتان نیشانەی جیاوازیان هەبێت وەک ماندوبونی لەناکاو یان دڵتێکەڵهاتن یان بێهۆشبون.
وەڵامدانەوەی خێرا بەداواکردنی فریاکەوتنو دابینکردنی چارەسەری دەستبەجێ وەک توانەوەی خوێنمەیین (مەینی خوێن) یان کەمکردنەوەی پەستانی خوێنی بەرز، کلیلێکە بۆ ڕزگاربونو کەمکردنەوەی کەمئەندامی.
دروشمی پزیشکان لەوبارەیەوە ڕونە، "کات بریتییە لەمێشک"، چونکە هەموو خولەکێک دواکەوتن دەبێتە هۆی لەدەستدانی خانەی مێشک کە قەرەبوو ناکرێتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
