هەڵبژاردنەکانی عێراق.. لەنێوان هەژمونی ئێران‌و فشارەکانی ئەمریکاو پەلەقاژەی سودانی بۆ مانەوە

عیراق

25/10/2025‌ 1345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، عێراق خۆی بۆ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی یەکلاکەرەوە لە 11ی تشرینی دوەمی 2025 ئامادە دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژییە هەرێمییەکانی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل زیاتر بوەو کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی ناوخۆیی نێوان تاران‌و واشنتۆن هەیە.


ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق، ڕوبەڕوی تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسساز دەبێتەوە بۆ نوێکردنەوەی خولێکی نوێی سەرۆک وەزیرانییەکەی، کە ئەمەش دوای ساڵی 2003 دەگمەنە.

لەم هەڵبژاردنانەدا زیاتر لەحه‌وت هه‌زارو 700 پاڵێوراو، لەنێویاندا زیاتر لەدوو هه‌زارو 200 ژن، کێبڕکێ لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن، لەکاتێکدا هێزە دیارەکانى وەک ڕەوتی سەدرو هاوپەیمانیی نەسر، بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیان کردوە.

ئاژانسەکە جەخت لەسەر بڵاوبونەوەی پارەی سیاسیی‌و کڕینی دەنگەکان دەکاتەوە، لەکاتێکدا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەڵێندەدات کە لێکۆڵینەوە لەتێوەگلاوان لەوکارەدا بکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی ڕوداوە ئەمنییەکان وەک تیرۆرکردنی پاڵێوراو سەفا مەشهەدانی لەبەغدا.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەبەشداریی گروپە چەکدارەکان لەڕێگەی باڵە سیاسییەکانیانەوە دەکات، سەرەڕای جەختکردنەوەی سودانی لەسەر مافی بەشداریکردن بۆ ئەوکەسانەی وازیان لەچەکهێناوە.

ئاژانسەکە گەیشتوەتە ئەو دەرئەنجامەی کە هەڵبژاردنەکان لەناو تێکەڵەیەک لەهەژمونی ئێران‌و فشارەکانی ئەمریکاو گەندەڵی سیاسی‌و بێهیوابونی خەڵکدا بەڕێوەدەچن، ئەمەش ڕەنگە دەسەڵات نوێبکاتەوە یان دۆخی چەقبەستویی سیاسیی ئێستا بچەسپێنێت.