کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان دوای 24 کاتژمێر ڕادەگەیەنرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 123 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەردەوامبوونی پرۆسەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی تا ڕۆژی هەڵبژاردن ڕاگەیاند. وێڕای پشتڕاستکردنەوەی وەرگرتنی زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار کارتی نوێ کە لەو ژمارەیەش 2 ملیۆن و 300 هەزار کارتی دابەشکراون، ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامی هەڵبژاردنە بەراییەکان دوای 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان ڕادەگەیەنرێت.

ئەندامی تیمی میدیایی کۆمسیۆن حەسەن هادی زایر بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: سێ بەشی کارتی دەنگدەرانی بایۆمەتری وەرگیراوە، لەنێویاندا دوو وەجبەی سەرەکی بە کۆی گشتی سێ ملیۆن و 500 هەزار کارت، پێشتر 2.3 ملیۆن لەو کارتانە دابەشکراون، لەکاتێکدا نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کارت ماوە تا 11ی ئەم مانگە دابەشبکرێن”.

سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنیش ڕوونی کردەوە کە “یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023، وەک هەموار کراوە، هاتووە کە ئەنجامی بەرایی دوای 24 کاتژمێر دوای داخستنی دەنگدان، واتە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ڕۆژی دواتر ڕادەگەیەندرێت”. 

ئاماژەی بەوەشکرد، “سیستەمی هەڵبژاردن سێ ڕاپۆرتی کاتی (بەیانیان، نیوەڕۆ و کۆتایی) بەرهەم دەهێنێت و ئەنجامەکانیان دەخرێنە بەردەم نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “ئەمساڵ کۆمسیۆن ڕێکاری نوێی زیادکرد کە چاودێران و نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان دەتوانن لە ناو ناوەندەکانی دەنگدان دەستیان بە ئەنجامەکان بگات، بەمەش شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرز دەکاتەوە”.
ئ.ه