جۆن ستوارت میل فەیلەسوفی سیاسی ئابوری لە کتێبی “چەند تێڕامانێک لە حکومەتی هەڵبژێردراو
“ دەڵێت "بەهای دەوڵەتێک، لە درێژخایەن دا، واتە بەهای ئەو تاکانەی کە پێکهاتەی ئەو دەوڵەتەن"
لە سیستمە دیموکراسیەکاندا بەرزترین بەهایەک کە بەتاکەکانی کۆمەڵگە دەدرێت بەشداریکردنیانە لە سیستمی سیاسی و حکومڕانیی وڵاتەکەیاندا لە ڕێگەی دیموکراسی نوێنەرایەتیەوە ، بە جۆرێک تاکەکانی کۆمەڵگە هێزی ئاڵوگۆڕی سیستمی سیاسی و حوکمی سیاسی و کارەکتەری سیاسین و ئەوان ئاڵوگۆڕەکان لەڕێگەی دەنگەکانیانەوە دەکەن
* دیموکراسی وەک سیستمێکی نوێی حوکمڕانی لە دوای خەباتێکی زۆری دیموکراتخوازان کەوتەسەرپێی خۆی و دڕی بە دیکتاتۆریەتی سیاسی و دینیش هێنا ،بەجۆرێک لە ئێستادا توانیویەتی ببێت بە فۆرمێکی دانپێدانراوی زۆرینەی گەلانی دونیا تا لەم ڕێگایەوە حکومەتی خوازراوی خۆیان هەڵبژێرن و سیستمی حکومڕانیەکەیان دیاری بکەن بەومانایەی سۆپەرپاوەری گۆڕانکاری سیستمە سیاسی و کاراکتەرە سیاسیەکانیش تەنها دەنگی خەڵک و ڕایی جەماوەرە و ئەمەش بەهای تاک لەو دەوڵەتەدا دەردەخات
* مەرج نیە هەر دەوڵەتێک یاخود سیستمێکی سیاسی هەڵبژاردنی تێداکرا ئەوا دیموکراسیەکی تەمام عەیاری هەبێت لە عێراقی سەردەمی سەدام و میصری حوسنی موبارەک و ئێرانی ئێستاشدا هەڵبژاردن دەکرێت بەڵام پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەو وڵاتانە دیموکراسی بوون؟
هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ەوە هەوڵیداوە ڕاهێنان لەبواری دیموکراسیدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت وەک بەها لە نێو تاک و کۆمەڵگەدا جێگەی خۆی بگرێت و بچەسپێت، ڕەنگە هەموو هێزە سیاسیەکانی وەک یەک بڕوایان بە بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی حیزبی و پلۆرالیزمی سیاسی نەبێت بەڵام خەریکە دەست و پەنجە لەگەڵ دۆخەکە نەرم دەکەن و وەک فاکتێک مەمەڵەی لەگەڵ دەکەن ، بەگشتی هاومل بوون بۆ هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕکردنی لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوەو پیادەکردنی بنەماکانی دیموکراسی شتگەلی باشن پێویستە هەموان هانبدرێن بە بیرو بڕواو یەقینەوە قبوڵی بکەن و کاری پێبکەن چونکە بەدیلە نا دیموکراسیەکان خێری بۆ هیچ لایەک تێدانیە
* لە دوای کەوتنی ڕژێمی فاشیستی بەعسەوە ئەمە شەشەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بەڕێوە دەچێت ئەوەی لە عێراقی دوای ڕژێمیش ڕویداوەو ڕوودەدات دێمۆکراسیەکی ڕوکەشی بێناوەرۆکەو تەنها هەڵبژاردنێکی پڕ لەشک و گومان بوونی هەیە کە دوای هاتنەناوەوەی جیهازی هەژماری دەنگەکان گومانەکانی کۆمەڵگە زۆرو زەوەند بوون بەجۆرێک ئێستا ئەوەی متمانەبێت لە عێراقدا بە هەڵبژاردن نیە چونکە ئەزمونی چەند هەڵبژاردنی ڕابردوو دونیایەک پرسیار و گومانی بەرهەم هێناوە، ئێستاش دیسکۆرسی دیموکراسی و بەهاو لێکەوتەکانی لە عێراقدا زۆر جێگەی بایەخ نیەو کەمترین بایەخێک کە بدرێت ئەم بوارەیەو لە پەراوێزی پەراوێزخراوەکاندایە
* بارودۆخی خراپی عێراقی ئێستا ڕەنگدانەوەی کارنەکردنی هێزە سیاسیەکانی عێراقە بەبنەماکانی دیموکراسی و بڕوانەبونیانە بە پلۆرالیزمی سیاسی و بەهەند وەرنەگرتنی ڕایی گەلە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە،بێگومان بەردەوامبوونی ئەم دۆخە ڕەنگە هۆکاربێت بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری سیاسی لەدەرەوەی بنەماکانی دیموکراسی و ئاڵۆزبوونی دۆخەکەو گەڕانەوە بۆ چواگۆشەی یەکەم
* ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە کە بێ بەهاکردنی دەنگی خەڵک و لاوازکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە سندوقەکانی دەنگدان و بەهەند وەرنەگرتنی بەهای تاک لە کۆمەڵگەدا دەوڵەت بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات و دۆخێک دێنێتە پێشەوە هیچ کەس و لایەک لێی سوودمەند نەبن باشترین بەڵگەش دەرەنجامەکانی بەهاری عەرەبیە دوای ١٤ ساڵ هێشتاش خوێن لە جەستەی ئەو دەوڵەتانە دەتکێ کە بەهای تاک و کۆمەڵگەکانی خۆیان نەزانی و متمانەیان بۆ سندوقی دەنگدان نەهێشت کەوابوو گرنگترین شتێک وابەستەبین پێوەی گرنگیدانە بە قیمەتی تاک و کۆمەڵگەو کارکردن بە بنەماکانی دیموکراسی و قبوڵکردنی پلۆرالیزمی سیاسی و بایەخداکردنی دەنگی دەنگدەران و بەسەنگی مەحەک زانینی سندوقەکانی دەنگدان.
