شارپرێس:
نەوار نەجمە، وتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لیستی کۆتایی براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بڵاوکرایەوەو بەمەش کورسییەکانی بەشێک لە پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکە، هەروەها سەرجەم کورسییەکانی پارێزگای سوەیدا، بەتاڵی مانەوە.
ڕۆژی 10ی ئەیلول، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا پێکهێنانی لیژنە لاوەکییەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ڕەقە و حەسەکە ڕاگەیاند، ئەوەش دوای بڕیارەکەی بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوەندی ڕەقە و حەسەکە و سوەیدا بەهۆی "نەبوونی هەلومەرجی ئەمنی گونجاو" لە کۆتایی مانگی ئابدا.
نەجمە لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس دەڵێت، کورسییەکانی بەشێک لە ڕەقە و حەسەکە، هەروەها سەرجەم کورسییەکانی سوەیدا بە بەتاڵی دەمێننەوە تا هەڵبژاردنی تەواوکاری ئەنجام دەدرێن.
ئ.ه