شارپرێس:
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگ، یاسای قەیسەری هەڵوەشاندەوە کە بەهۆیەوە سزای توندی ئابوریی بەسەر سوریادا سەپێنرابوو، ئەوەش هاوکاتبوو لەگەڵ دەنگدانی ئەنجومەنەکە لەسەر بودجەی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا کە یاسای قەیسەر بەشێکبوو لەبەندەکانی.
کۆنگرێسی ئەمریکا لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو لە11ی کانونی یەکەمی ساڵی 2019، یاسای قەیسەری پەسەندکرد بەئامانجی سزادانی بەرپرسانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەوکاتی سوریا لەسەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی کردبویان، هەڵوەشاندنەوەی یاساکەش مانای گەڕانەوەی وەبەرهێنانو هاوکارییە بیانییەکانە بۆ پشتیوانی ئیدارەی نوێی سوریا.
هەڵوەشاندنەوەی یاساکە مەرجدارکراوە بەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەماوەی 90 ڕۆژدا ڕاپۆرتێکی سەرەتاییو تاچوار ساڵیش هەموو 180 ڕۆژ جارێک ڕاپۆرت لەبارەی سوریاوە پێشکەشی کۆنگرێس بکات، هەروەها حکومەتی سوریاش دەبێت هەنگاوی بنەڕەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بگرێتەبەر، ڕێز لەمافی کەمینەکان بگرێتو بەهیچ شێوەیەک تاکلایەنە هێرشنەکاتەسەر وڵاتانی دراوسێ، ڕوبەڕوی سپیکردنەوەی پارە، پارەدارکردنی تیرۆرو مادە هۆشبەرەکان ببێتەوەو ئەوانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردوە لەڕژێمی پێشوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.
هەر بەگوێرەی مەرجەکان، ئەگەر سوریا نەیتوانیی ئەو بەندانەی بۆی دانراوە جێبەجێبکات، دەکرێت یاسای قەیسەر دوبارە کارابکرێتەوە، چاوەڕێدەکرێت هەفتەی داهاتوو یاساکە لەئەنجومەنی پیرانیش تێپەڕێنرێتو دواتریش سەرۆکی ئەمریکا واژۆی دەکاتو یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمریکا بەیاساى قەیسەر، ڕێگەی گرتبوو هیچ کۆمپانیایەکی بیانی وڵاتانی جیهان لەبوارەکانی نەوتو غازی سروشتی، فڕۆکەوانی، بیناکارییو ئەندازیاریی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەسوریادا کاربکات، چاوەڕێشدەکرێت هەڵوەشاندنەوەی یاساکە لابردنی گەورەترین ئاستەنگی بێت لەبەردەم سوریا تا دوبارە تێکەڵ بەسیستمی بانکو ئابوریی جیهان ببێتەوەو ئابورییەکەی ببوژێنێتەوەو وەبەرهێنانی بیانیش ڕوو لەو وڵاتە بکات.
لاى خۆیشیهوه جۆو ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەپلاتفۆڕمی ئێکس نوسیویەتی، "من زۆر خۆشحاڵم کە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەری پەسەندکرد، سوپاسی سەرۆک ترەمپو تۆم باراک دەکەم کە پشتیوانییان لەهەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر کرد، هیوادارم لەچەند ڕۆژی داهاتودا یاساکە لەئەنجومەنی پیران پەسەندبکرێتو دواتر بچێتەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپ تاوەکو واژۆی بکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سوریا گەورە بکەینەوە".
