ئامارێكى مه‌ترسیدار ئاشكراده‌كرێت.. ژماره‌كه‌ گه‌یشته‌ 101 كه‌س

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، تائێستا 101 کەس لەو وڵاتە بەهۆی توشبونیان بەئەنفلۆنزا گیانیان لەدەستداوەو هۆشداریشیدا لەوەی، وڵاتەکە لەناو شەپۆلی بەهێزی ئەم نەخۆشییەدایە.


حوسێن کرمانپور سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییەکان‌و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند؛ ئەو جۆرە ئەنفلۆنزایەی لەم ڕۆژانەدا زاڵەو بڵاوبوەتەوە لەجۆری (H3N2)ەو لەناوەڕاستی مانگی تشرینی دوەمەوە سەریهەڵداوە.

بەوتەی کرمانپور، زۆربەی ئەوکەسانەی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوانەبون کە ڤاکسینیان وەرنەگرتوە.

ئاماژەی بەوەشکردوه‌، "لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن توندیی ئەم نەخۆشییە بەراورد بەجۆرەکانی ڕابردوو زیاترە".

بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە، دەرگای بەشێکی زۆر لەقوتابخانەکان داخراون، به‌گوێره‌ى میدیاکانی ئێران‌و لێدوانی بەرپرسانی تەندروستی، سەرەتا پێشبینی نەدەکرا شەپۆلی توشبون تا ئەم ئاستە بەرزبێتەوە، بەڵام لەڕۆژانی ڕابردودا بەهۆی زۆریی ژمارەی سەردانیکەران، فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکان دروستبوە.

پێشتر هادی ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئەمساڵ ڤاکسینی ئەنفلۆنزا بەدراوی ئازاد هاوردەکراوە، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی نرخەکەی دوو هێندەو نیو بەرزبێتەوەو بگاتە 917 هەزار تومەن.

پێشبینیدەکرێت لوتکەی توشبون بەئەنفلۆنزا لەئێران تا سەرەتای کانونی دوەم بەردەوامبێت‌و پاشان ڕوو لەکەمبونەوە بکات.