لافاو هه‌زارو 500 تۆن ماسى له‌گه‌ڵ خۆى بردو تێكه‌ڵى ئاوى زێى بچوكى كردوه‌

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ هەردی حەسەن:

دوای ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لەسنوری تەقتەق بەدەیان پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی کە سود لەئاوی زێی بچوک دەبین  بەهۆی ئاوی لافاوەوە لەناوچون، خاوه‌نه‌كانیشیان داواكارییه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ن.


سەرکەوت نوعمان ئەنجومەنی گوندی کەپەنک بەشارپرێسی ڕاگەیاند، "تەنها لەسنوری گونده‌كه‌ى ئێمە 250 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەبوە کە سه‌رجه‌میان، ماسیەکانیان زیانیان پێگەیشتوەو بەئاوداچون".

وتیشى، "به‌گوێره‌ى خەمڵاندن‌و بەدواداچونه‌كان، هه‌زارو 500 تۆن ماسی بەئاوی لافاوەکەداچونه‌و ئەگەر هەر کیلۆیەک ماسی بەچوار هەزار دیناریش بخەمڵێندرێت، بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر دەکات کە زیان بەخاوەن پڕۆژەکانی ماسی گەیشتوە".

ئه‌وه‌شى وت، "جگە لەپڕۆژەکانی ماسی، بەدەیان خانوو پڕۆژەی گەشتیاری دیكه‌ زیانیان پێگەیشتوە، داوادەکەین هەرچی زوە حکومەت به‌هاناى جوتیارانی ناوچه‌كه‌وه‌ بێت‌و قەرەبویان بكاته‌وه‌".

له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، عەمید گۆران سماقەیی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگری شارستانی کۆیه بەشارپرێسی ڕاگه‌یاند، "ئەوه‌ى ڕویداوه‌ کارەساتێکی سروشتی گەورەبوو لەناوچەکەی ئێمە، چونكه‌ زیانێكى ئێجگار زۆری مادی لێکەوتوه‌تەوه‌".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "لەدوو ڕۆژی داهاتودا لیژنەیەک دروستدەکەین، ئه‌ركى لیژنه‌كه‌ بەدواداچونى ورد ده‌بێت بۆ زیانه‌كانى ئەو ڕوداوە، چونکە قەبارەی زیانەکان زۆر گەورەیە زیاتر لە 300 پڕۆژەی ماسی بەتەواوی تێکچون".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، "لەشەوی لافاوەکەوه‌ تیمەکانمان توانیویانه‌ (50) هاوڵاتی لەمەترسی خنکان ڕزگاربکەن کە لەشوێنی جیاجیا گیریانخواردبوو".

لەسنوری تەقتەق‌و هه‌روه‌ها کەرکوکیش ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی بەخێوکردنی حەوزی ماسی هەیە کە بەسەدان خێزان بژێویان لەسەر ئەو پڕۆژانەیە، لەئێستادا داوای هاوکاریی‌و قەرەبوکردنەوەى ئەو زیانانە دەکەن کە بەهۆی ئاوی لافاوەوە بەریانکەوتوە".