شارپرێس:
لەدوای لافاوەكەی هەفتەی ڕابردوو، كەزیانی گیانی و مادی بەچەندین خانەوادە گەیاند، لەسەرجەم شارەكانی هەرێمەوە كەمپینی جیاواز بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكەوتوان ڕاگەیەندرا.
دوای ئەوەی هەر لەیەكەم ڕۆژی ڕوداوەكەوە چەندین كەمپین بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ زیانلێكەتوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكە ڕاگەیەندرا، ئەمڕۆ بەشێوەیەكی جیاواز كەمپینەكان فراوانتر بون.
هاوكات ئەمڕۆ، ئیدارەی دەربەندیخان کەمپەینی "هاوکاری بۆ چەمچەماڵ"ی دەستپێکردو یەکەم سەرمایەدار 100 ملیۆن دیناری بەخشی.
بەمەبەستی هاوکاری و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ زیانلێکەوتوانی شاری چەمچەماڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ ئیدارەی شاری دەربەندیخان کەمپەینێکی فراوانی کۆکردنەوەی کۆمەکی ڕاگەیاند.
سلێمان محەمەد سەعید، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لەلێدوانێکدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند: "وەک یەکەم دەستپێشخەری و بەدەنگەوەهاتن بۆ کەمپەینەکەمان، سەرمایەداری دیاری شاری دەربەندیخان (هەژار حاجی مەجید)، بڕی 100 ملیۆن دیناری وەک هاوکاری پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی شاری چەمچەماڵ کرد."
قائیمقامی دەربەندیخان وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەی هەژار حاجی مەجید، داوای لە سەرجەم چین و توێژەکان و دانیشتووانی شاری دەربەندیخان کرد کە بەشداری کارا بکەن لە کەمپەینەکەدا.
سلێمان محەمەد سەعید جەختیشی کردەوە کە بەشداریکردن لەم کەمپەینە و بەهاناوەچوونی خوشک و برایانمان لە چەمچەماڵ، ئەرکێکی نیشتمانی، ئاینی و مرۆیی هەمووانە و پێویستە بە گیانێکی بەرپرسانەوە بەدەم بانگەوازەکەوە بچن.
هەروەها، لەسلێمانی و دەوروبەری لەچەندین جێگە، كەمپینی هاوكاری ڕاگەیەندراوەو داوا لەخەڵك دەكەن بۆ گەیاندنی هاوكارییەكانیان سەردانیان بكەن.
ئەمە هەنگاوانە دوای ئەوەدێت، لە9ی ئەم مانگەدا شەپۆلێكی بارانبارینی هەرێمی كوردستانی گرتەوەو بەهۆیەوە بەتایبەت لەچەمچەماڵ وتەكیەو چەند ناوچەیەكی دیكە زیانی ماددی وگیانی بەهاوڵاتیان گەیاند.