شارپرێس:
حکومەتی نوێ لەسوریا ڕوبەڕوی کێشەیەکی گەورە بوهتەوە، ئەویش دوبارە بونیادنانەوەی سوپایە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی پشت بەتواناو ئەزمون ببەستێت، ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی ئەو وڵاتە تەنها پشت بەبازنەیەکی بچوک لەلایەنگرانیو ئەوانەی پێشتر لەگەڵیدا شەڕیانکردوە دەبەستێت، جگەلەوەی خوێندنی ئایینی دەخاتە ناو ڕاهێنانی سەربازییەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پێکهاتەی سوپا نوێیەکە گرنگی زیاتر بەشەڕکەرانی دەستەی تەحریری شام دەدات، تەنانەت ئەگەر ئەزمونیان کەمتربێت لەو ئەفسەرانەی لەسەردەمی حوکمی ئەسەددا جیابونەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی شێوازی ڕاهێنانی هاوشێوەی ئەو شێوازانە بەکاردەهێنێت کە پێشتر دەستەکە پشتی پێدەبەست، وەک وانە ئایینییەکان، ئەمەش بوەتە هۆی ناڕەزایی ژمارەیەک لەسەربازو فەرماندەکان کە دەڵێن هەندێک لەیاساکان پەیوەندییان بەئامادەسازیی سەربازییەوە نییە.
لەنێو ئەم یاسا توندانەدا: قەدەغەکردنی تەواوی جگەرەکێشانە لەکاتی ڕاهێناندا، لەیەکێک لەسەربازگەکان لەحەلەب، 1400 سەربازی تازەپێگەیشتوو ئاگادارکرانەوە بەقەدەغەی جگەرەکێشانو جگەرەکانیان لێ وەرگیرایەوە، لەئەنجامدا سەدان کەسیان کشاونەتەوە یان دەرکراونو تەنها 600 کەس توانیویانە ڕاهێنانەکە تەواوبکەن دوای سێ هەفتە.
هەروەک سەربازە تازەپێگەیشتوەکان سەرسامبون بەوەی هەفتەی یەکەمی ڕاهێنان بەتەواوی بۆ وانەی ئایینی تەرخانکراوە، لەوانە وتارێکی درێژ دەربارەی لەدایکبونی پەیامبەر محەمەد، هەندێک لە سەربازەکان پێیانوایە کە ئەم ئاڕاستەیە ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی دەستەی تەحریری شامە، و پرسیار دەوروژێنێت سەبارەت بەئەگەری بەشداریکردنی کەمینە ئایینییەکان لەسوپادا.
لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێک لەوەزارەتی بەرگریی ڕایگەیاندوە، حکومەت هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا ڕێگە بەبەشداریکردنی کەمینەکان بدات یان نا، کە ئەگەری هەیە گرژییە تائیفییەکان زیاد بکات.
هەروەک، وتەی سەربازو سەرکردەکان ئاماژە بەوەدەکەن، سەرکردایەتیی زیاتر پشت بەدڵسۆزی ئەندامانی دەستەی تەحریری شام دەبەستێت وەک لەئەزمونی سەربازی، لەکاتێکدا زۆرێک لەسەرکردە نوێیەکان خوێندنێکی پێویست یان ئەزمونیان لەسوپایەکی ڕێکخراودا نییە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی خزمەتی ناچاری، سوپا دەرگای خۆبەخشینی کردوهتەوەو مەرجەکانی دانا وەک: توانای خوێندنەوە، لەشساغیو خوێندن تا پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی، لەگەڵ ئەوەشدا، چەکدارانی پێشوی گروپە چەکدارییەکان قبوڵکراون، تەنانەت ئەگەر ئەو مەرجانەشیان تێدانەبوبێت.
لەوبارەیەوە، عیسام ئەلڕەیس ڕاوێژکاری سەربازی لەگروپی "ئێتانا"، دەڵێت، "فەرماندەکان لەدەستەی تەحریری شامەوە دادەنێن کە تەنانەت بڕوانامەی پۆلی نۆیەمیشیان نییە، تەنها لەبەرئەوەی دڵسۆزی شەرعن."
هەروەک وتویەتی، "هێزی سوپا لەپابەندبونیدایە، نەک لەبەرکردنی قورئاندا."
بەوتەی ئەو، زۆربەی سەربازەکان تەنها سێ هەفتە ڕاهێنانی سەرەتایی وەردەگرن، کە ئەم ڕاهێنانە خاڵییە لەشارەزایی سەربازی ڕاستەقینەو زیاتر ئامانجی چاندنی شێوازێکی بیرکردنەوەی دیاریکراوە لەسەربازە تازەکاندا.
