پێکنەهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە لەنێو تونێلێکی تاریکدا بەجێماوە

ڤیدێۆ

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێکنەهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لەنێو تونێلێکی تاریکدا بەجێماوەو دیارنییە کەی ئەم تاریکستانە بەدەرکەوتنی تروسکایەک کۆتایی دێت. 

دوای زیاتر لەساڵێک لەکۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ، گرژیی‌و دورکەوتنەوەی پارتی‌و یەکێتیی، هێندەی دیکە هیوای دروستکردنی ئەم کابینەیەیەی بەرەو گیانەڵا بردەوە.

دوای چەندین گرژیی‌و بەکارهێنانی زمانی زبر بەرامبەر یەکتر لەبانگەشەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، هەوڵەکان بۆ کۆبونەوە دەستیان پێکردەوە، بەرپرسە باڵاکانی پارتی دەڵێن، قسەکانی پێش هەڵبژاردن‌و دوای هەڵبژاردن جیاوازن.

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، وه‌فدى دانوستکاری یەکێتیی‌و پارتی لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کۆبونەوە، کۆبونەوەکە بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی‌و هۆشیار زێباری بەرێوەچوو، بەڵام دانیشتنەکە هێندەی نەخایاندو مێزی گفتوگۆیان بەجێهێشت به‌بێئەوەی هیچ بناغەیەک بۆ دروستکردنی کابینەی نوێ دابنێن.

لەکاتێکدا قوباد تاڵەبانی لەدەستپێکی کۆبونەوەکە باسی لەدابەشکردنی پۆستەکان‌و ئەو گفتوگۆیانەی کەپێشتر کراون کردوە، بەڵام هۆشیار زێباری ئەمەی ڕەتکردوەتەوە وتویەتی، ئەوەی پێش هەڵبژاردنی عێراق وترا جارێکی دیکە ناچنەوە سەری‌و دەبێت هەموو ئەمانە دوبارە داڕشتنی بۆ بکەنەوە.

لەبەرامبەریشدا قوباد تاڵەبانی کۆتایی بەکۆبونەوەکە هێناوەو داوایکردوە ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێتەوەو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی نوێ بکەن، بێگومان ئەم قسەیەی هۆشیار زێباری هی سەرۆکی حزبەکەیەتی، دوابەدوای ئەوەش کۆبونەیەکەیان بەکاتێکی نادیار سپارد.

سپاردنی کۆبونەوەکان بەکاتە نادیارەکان‌و پێکهێنانی کابینەی نوێى حکومەت بەمیزاج‌و بەرژەوەندیی تایبەت، هێندەی دیکە سەنگ‌و قورسایی کورد لەبەغدا لاواز دەکات‌و حوکمڕانیی لەهەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

بەپەلە