شارپرێس:
کتێبی (گەشتێک بەناو فکر و
فەلسەفەی جیهاندا) لەلایەن (ئەردەڵان عەبدوڵڵا)ەوە وەرگێڕدراوە و ئامادەکراوە. 576
لاپەڕەیە و باس لە ژیان و فەلسەفەی 35 فەیلەسوف و بیرمەندی جیهان دەکات و لەلایەن بۆردی هۆشیاری ( ی.ن.ک)
چاپکراوە.
ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە خستنەڕووی ژیان و فەلسەفەی کۆمەڵێک
فەیلەسوفی جیهانی. هەروەها باس لەو لایەنە زەقانەی فەلسەفەکەیان کراوە کە ئەو
فەیلەسوفانە پێی دەناسرێن و بەشێکن لە کرۆکی فەلسەفەکەیان. ئامادەکاری کتێبەکە، لە
دەروازی شارستانێتییەکانەوە دەستی بە گەشتەکەی کردووە و لە سەرەتادا باسی شەش
فەیلەسوف و بیرمەندی ئاسیایی و ئیسلامی دەکات. پاشان دەپەرژێتە سەر فەلسەفەی
یۆنانی و بەشێک لە فەلسەفە و ژیانی سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ دەخاتەڕوو. دواتر
باسی مارتین لۆسەر چاکسازێکی ئایینی لە قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات. ئینجا
دەپەرژێتە سەر فەلسەفەی ئەوروپایی قۆناغی مۆدێرن و رۆشنگەریی. لە بەشێکی تری
کتێبەکەدا، ئامادەکاری کتێبەکە لە دەروازی کاتەوە دەچێتە ژوورەوە و باس لە
فەلسەفەی سەدەی بیست و فەلسەفەی هاوچەرخ دەکات لە ئەوروپا و ئەمریکا. بۆ ئەو
مەبەستە ژیان و فەلسەفەی ژمارەیەک فەیلەسووف و بیرمەند بەرباس دەدات.
لە کۆتاییدا، ئامادەکاری کتێبەکە ئاماژە بە 91 سەرچاوەی کوردی و
عەرەبی و ئەڵمانی دەکات، کە بۆ نووسینی ئەم بەرهەمە پشتی پێبەستووە و بەشێکی زۆری
ئەو سەرچاوانە، کتێبی خودی فەیلەسوفەکانن.