بەفربارین لەسەنتەری شاری سلێمانی دەستپێدەکات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3592 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم پێشبینی دەکات رۆژی شەممە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین روو لەهەرێم بکات و دەڵێت، رۆژی سێشەممە ئەگەری بەفربارین بەتێکەڵی لەگەڵ نمەباران لە سەنتەری هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" رۆژی شەممە تاکو شێسەممەی هەفتەی داهاتوو ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین، سەرەتای شەپۆلەکە بە بەفربارین و نمەباران لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەستپێدەکات، پاشان کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی تر ".

کەشناسی هەرێم  باسی لەوەشکرد، ئاستی بارانبارین ماوەندە زۆرترین ماوەی دابارین (بەفر و باران ) دەکەوێتە رۆژی دوشەممە، رۆژی سێشەممەش لەگەڵ نزمبونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما لەکاتی دابارین ئەگەری بەفربارین بەتێکەڵی لەگەڵ نمەباران لە سەنتەری هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک هەیە.

ئەوەشیخستەڕوو،" هۆشداریمان بۆ زیادبونی خێرایی با لە رۆژی یەکشەممە و دووشەممە، هەندێ کات دەگاتە سەروو 40 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، کە هەست بە سەرمایەکی زیاتر دەکرێت لەگەڵ نزمبونەوەی نزمترین پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی ".

کەشناسی هەرێم پێشبینی دەکات، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتاییدێت.

محەمەد سەردار