ڕوسیا بەنهێنیی نێوەندگیریی لەنێوان ئیسرائیل و سوریا دەکات بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئەمنی

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 197 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە ئەمنییە ئاگادارەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ڕووسیا بە شێوەیەکی نهێنی ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئیسرائیل و سووریا دەگێڕێت، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەمەش بە ڕەزامەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

 
سەرچاوەکان بە دەستەی پەخشی ئیسرائیلییان ڕاگەیاندووە کە ئازەربایجان لە ئێستادا سەرکردایەتی کۆبوونەوە و گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان دەکات، لەوانەش سەردانی بەرپرسانی باڵای هەردوولا بۆ باکۆی پایتەخت، لە کاتێکدا مۆسکۆ لە پشت پەردەوە کار بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە دەکات.

 

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلی کە ئاگاداری وردەکارییەکانە، ئاماژەی بەوە کردووە کە مۆسکۆ و دیمەشق پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر دەکەن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕووسیا لە مانگی ڕابردوودا سەرباز و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەی کەناراوەکانی لازقییە گواستووەتەوە، ئەمەش دوای کەمکردنەوەی ئامادەیی لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، بۆ ئەوەی ئێستا جارێکی تر دەست بە چالاکییە چڕەکانی لە سووریا بکاتەوە.

 

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە ڕووسیا هەوڵ دەدات هێزەکانی لە باشووری سووریا لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل دووبارە بڵاوە پێ بکاتەوە، هاوشێوەی ئەو دۆخەی پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو هەبوو. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پێی باشترە ڕێگە بە هەبوونی ڕووسیا لەو ناوچەیە بدات، لە جیاتی ئەوەی هەژموونی تورکیا لە باشووری سووریا بەهێزتر بێت.

 

سەرەڕای بوونی هەندێک جیاوازی کە تا ئێستا لە دانوستانەکاندا ماون، سەرچاوەیەکی تری ئەمنی ئاگادار لە پەیوەندییەکان جەختی کردۆتەوە کە نێوەندگیرییەکەی ڕووسیا لە هەفتەکانی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە