بەهۆی هەنگاوێکی تورکیاوە پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و تەلئەبیب لەبارەی سوریا گرژی زیاتری تێدەکەوێت

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی کەناڵی 24NEWS ی عیبری، ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا سەبارەت بە بوونی تورکیا لە خاکی سووریادا ڕوو لە هەڵکشانە، بەشێوەیەک بەگوێرەی دوو سەرچاوەی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا تورکیا خەریکی جێگیرکردنی سیستەمی ڕادارە لە ناو خاکی سووریادا.

 
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە،  ئەم هەنگاوەی تورکیا دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ئازادیی جووڵەی ئیسرائیل لە ئاسمانی سووریادا و ڕەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر توانای بەکارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکانی دیکە، لەوانەش ئێران.

جێگیرکردنی ڕادارەکانی تورکیا لە سووریا، دەرفەت بۆ چاودێریکردنی جووڵەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا دەڕەخسێنێت، تەنانەت لە کاتی تێپەڕبوونیان بەسەر سووریادا بەرەو عێراق و ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن (بەپێی ڕاپۆرتە بیانییەکان).

ئەم توانایە دەبێتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم ئازادیی کارکردنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل.

نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر و ماوەیەکی کورت دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زنجیرەیەک بنکەی سەربازی لە سووریا، لەوانەش بنکەکانی هێزی ئاسمانی سووریا. ئەم هێرشانە لەبەر ئەوە بوون کە ئیسرائیل نیگەران بوو لەوەی تورکیا هەوڵی دروستکردنی بنکەی هەمیشەیی بدات و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەوێ جێگیر بکات.

لەو کاتەدا، سەرچاوەیەکی ئەمنی بەمیدیاکانی ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری دروستکردنی بنکەی سەربازیی لەلایەن تورکیاوە لە سووریا، وەک "هەڕەشەیەکی شاراوە" دەبینرێت. هەروەک ئاماژەی بەوە کردبوو: "ئەگەر بنکەیەکی ئاسمانیی تورکی دروست بکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئازادیی کارکردنی ئیسرائیل لە سووریا. ئێمە هێرشمان کردە سەر بنکەکان بۆ ئەوەی پەیامێک بنێرین کە ڕێگە نادەین ئازادیی کارکردنی ئاسمانییمان تێکبچێت."

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە