شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری هەناردەی مانگی تشرینی دوەمی بڵاوکردەوەو دەڵێت، هەناردەی نەوتی عێراق كەمیكردوەو بەرهەم و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیادیكردوە، هاوكات ئاشكرایكردوە، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو ماوەیەدا 838 ملیۆن و 21 هەزار و 590 دۆلار بوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق، تێکڕای هەناردەی نەوت لەو مانگەدا 98.7 ملیۆن بەرمیل بوە، کە 7.5 ملیۆن بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستان بوە.
وەزارەتەكە لەڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت، بەراورد بەمانگی تشرینی یەکەم، کۆی هەناردەی نەوتی عێراق شەش ملیۆن و 106 هەزار بەرمیل کەمی کردوە، هەرچەندە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەکۆتایی ئەیلولەوە دەستیپێکردوەتەوەو ڕوی لەزیادبون کردوە.
هاوكات، ئەوەشی دوپاتكردۆتەوە كە لەمانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دوەمدا، لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە 13 ملیۆن و 418 هەزار و 597 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە، کە دەکاتە 6.5%ـی کۆی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لەو دوو مانگەدا.
كەداهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا 838 ملیۆن و 21 هەزار و 590 دۆلار بوە. ئەوە جگە لەوەی لەو دوو مانگەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 748 هەزار و 869 بەرمیل زیادی کردوە.
لەبارەی داهاتی نەوتی عێراقیشەوە، وەزارەتەكە ئاشكرایكردوە، داهاتی هەناردەی نەوت لەنێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و دوەمدا، 435 ملیۆن و 297 هەزار دۆلار کەمی کردوە.
