هاتوچۆ هۆشداری دەدات و لەچەند ناوچەیەك مەترسی بەفرەكە ڕاگەیەندرا

کوردستان

27/12/2025‌ 658 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت لەسنوری سۆران بارینی بەفرەكە زیاتر دەبێت و  هاتوچۆی سۆران هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر ئۆتۆمبیلەکانتان دەبڵ ئەکسل نەبێت و زنجیردار نەبێت، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان مەکەن.


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران ڕایگەیاند،" ئاگاداری شوفێران و هاوڵاتییان دەکەین، کەوا هاتوچۆکردن لەڕێگەکانی چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران، سۆران بۆ سیدەکان، بەتایبەتی لۆفەکانی سەری بەرد، زینی وەرتێ ئەستەم و زەحمەتە.
جەختیش دەكاتەوە، لەئێستادا بارینی بەفرەكە زیاتر بوەو بەهۆی تەم و نزمبونەوەی پلەی گەرماشەوە هاتوچۆ كردن زۆر مەترسیدار بوە.

ئەمە دوای ئەوەدێت، بەهۆی بەفربارینەوە ژمارەیەک هاوڵاتی بەئۆتۆمبێلەکانیانەوە لەدەڤەری برادۆست و  مەرزی كیڵی گیریان خواردبوو و داوای بەهاناوەچونییان دەکرد.

سەرۆکایەتی شارەوانیی دینارتەش بڵاویکردەوە،"سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەناو بەفر لەچیای پێرس گیرییان خواردبوو ڕزگارکران و داواش لەهاوڵاتیان دەکەن ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت رێگەی چیای پێرس بەکار نەهێنن".

ئەمەش لەكاتێكدایە، لەشەوی ڕابردوەوە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەوەو بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش ئەمشەو شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت و بەفربارین دەگاتە سەنتەری بەشێک لەشارەکان.