شارپرێس:
قایمقامییەتی قەزای پشدەر ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرو دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ، سبەی لەهەر دوو دیوی مەرزی کێلێ، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی ڕادەگیرێت.
قایمقامییەتی قەزای پشدەر، لەڕاگەیەنراوێکدا گەشتیاران و بازرگانان ئاگاداردەكاتەوەو دەڵێت،، بەهۆی بارینی بەفرو دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لەهەردوو دیوی مەرزی کێلێ، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی سەروسامانی هاوڵاتییان، سەرجەم بازرگان و گەشتیاران، سبەی یەکشەممە 28ـی کانونی یەکەمی 2025، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەمەرزەکە ڕادەگیرێت.
قایمقامییەتی قەزای پشدەر، داواکارە لەهاوڵاتییان، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتییان و ڕەخساندنی بواری پێویست بۆ تیمەکانی ئاوەدانکردنەوەو ڕێگەوبان، لەمەرزی کێلێ و ڕێگە کوێستانییەکانی دیکەی قەزای پشدەر نزیک نەبنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان، لەناوچە شاخاوییەکاندا ئەمڕۆ و سبەی بەفربارین بەردەوام دەبێت و لەهەندێک کاتدا دۆخەکە بۆ کڕێوە دەگۆڕێت.