ئایا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڕاوەتەوە ؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 193 جار خوێندراوه‌ته‌وه



نوسینی: سەید جەعفەری
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: حەمەدەمین سلێمان 
سەرچاوە: سایتی یورونیوز 

لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پشتیوانی ئاشکرای لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، مەترسی ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوەیێکی سەربازیی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دوای کۆتایی جەنگی ١٢ ڕۆژەوە گەیاندووەتە بەرزترین ئاست. بەڵام ئێستا چی چاوەڕێی ئێران، ناوچەکە و جیهانە؟

بە درێژایی ئەو هەفتانەی دوایی و بەتایبەتی لە ڕۆژانی دوای سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا، میدیای ڕۆژ ئاوایی و نوسەرانی ئیسڕائیلی لەمەڕ پلانە فرەلایەنەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە مەبەستی بەدەست هێنانی گڵۆپی سەوز لەلایەن دۆناڵد ترامپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ڕاپۆرتیان بڵاو کردبووە .

سەرۆکی ئەمریکا لانیکەم لەبەردەم کامێرای تەلەفزیۆنەکاندا ئەو گڵۆپی سەوزەی بە بنیامین ناتانیاهۆ نیشاندا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجە، چ چارەنووسێک لە چاوەڕوانی ئێران، ئیسرائیل، ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش دایە؟ پێشبینی داهاتوو چۆن دەتوانرێت لێکبدرێتەوە؟

دوکتور حەمید ڕەزا عەزیزی، پسپۆڕی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یۆرۆنیوزی فارسی دەڵێت کە ئێستا ئیدی پرسی کردەوەی سەربازی ئیسرائیل دەبێت بە یەکلاکەرەوە بزانرێت و تاکە پرسیار ئەوەیە کەی دەبێت .

بەڕێز عەزیزی لەگەڵ ئاماژە بۆ ئەوەی کە شتێک لە دیداری دۆناڵد تڕامپ و بنیامین ناتانیاهۆ ڕویدا، هاوشێوەی ئەو ڕێکەوتنەیە کە لە چاوپێکەوتنی ئەو دوو ڕێبەرەدا پێش دەسپێکردنی شەڕی ١٢ ڕۆژە تێبینیی کرابوو، دەشڵێت: "دەربڕینەکەی سەرۆکی ئەمریکا نیشانی دا کە لانی کەم لەسەر مەسەلەی ئێران هیچ جیاوازییێکی ڕیشەیی و بنەڕەتی لەنێوان ترەمپ و ناتانیاهۆدا نییە" .

ئەو هەروەها دەشڵێت دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەم جار توانیویەتی، بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێران وەک هەڕەشەیەکی بەهێز بۆ سەرۆکی ئەمریکا ڕوون بکاتەوە .

ئەو شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی زیاتر دەڵێت: "ئەوە یەکەمین جار بوو کە ترەمپ بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە هەڕەشە ئاماژەی پێدا و پشتگیری لە کردەوەی سەربازی ئیسرائیل لە دژیدا کرد. لە ئەنجامدا، پێم وایە ناتانیاهۆ گڵۆپی سەوزی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ هەڵکراوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی چاوەڕوانکراو لە دژی ئێران" .

بەڕێز عەزیزی  لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا، لێدوانەکانی ترەمپ نیشانی دەدەن کە پێچەوانەی تێڕوانینی بۆ بەرنامە ئەتۆمیی، ئارەزووی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی لە هێرش بۆسەر ئێران لە بابەتی چالاکییە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی نیە .

ئەو شارەزایەی کاروباری ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست لە درێژەدا دەشڵێت : " ئەگەر بۆ ئەو هەواڵ و لێکدانەوانەی کە لە ڕاگەیاندنەکانی وەک بی بی سی لەو حەفتانەی دواییدا سەرنج بدەین، لەوە تێدەگەین کە ناتانیاهۆ دەبوایە بە چەند پلانێکەوە بچێتە کۆشکی سپی، بەڵام بە گوێرەی قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا وا دەردەکەوێت کە هاتنە ناوەوە و هاوکاری ڕاستەوخۆی واشنتن لە هێرشکردن بۆ سەر ئێران لەسەر مێز نییە. لە بەرانبەردا وادیارە ترەمپ دانی بەوەدا ناوە کە بەرنامەی مووشەکی تاران هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەگەر بیەوێت هەڵوێست لە دژی ئێران بگرێتەبەر، ئەوا ئەمریکا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات .

ئەو توێژەری کاروباری ناوچەکە لەگەڵ ئاماژە بۆ ئەو جیاوازیەی دۆناڵد ترامپ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی و مووشەکیی ئێران هەیەتی، پێیوابوو دەتوانرێت بەو جۆرە لێکبدرێتەوە کە ئەمریکا مەگەر لە حاڵەتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی بە ئاڕاستەی بنیادنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا بڕوات، دەنا لە هێرش کردن بۆ سەر ئێران بەشداریی ناکات . 


عەزیزی پێیوایه لەمەودوا ئیدی گفتوگۆکان تەنها لەسەر کاتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سه ر ئێران دەبێت. خشتەیەک کە بە بۆچوونی ئەو لەوانەیە پشت بە ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران ببەستێت، لەوانە فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان. بە وتەی ئەم شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی، فراوانبوونی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام لە ئێران لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل بگاتە ئەو ئەنجامەی کە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە هاتووە .

ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کاردانەوەی ئێران بەرامبەر هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەروەها گوتی:" وادیارە ئەمجارە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی هەر لە سەرەتاوە بە تەواوی هێز وەڵامی ئەگەری هەر هێرشێکی دژ بە ئیسرائیل دەدەنەوە و  ئەزموونێک کە پێشتر لە شەڕی 12 ڕۆژدا بەدی کرا ئەگەری ڕوودانی کەمترە. چونکە لەو ڕووبەڕووبوونەوەدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی لە ڕۆژانی کۆتاییدا مووشەکی پێشکەوتوویان بەکارهێنا بەڵام وادیارە ئەمجارە تاران گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بۆ دامەزراندنی بەربەست دەبێت هەر لە سەرەتاوە وەڵامی یەکلاکەرەوە بۆ هێرشەکە بداتەوە". 

بەڕێز عەزیزی پاشان ئاماژە بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە لە لایەن ئێرانەوە دەکات و دەڵێت:" لە هەلومەرجی ئێستادا دەنگ گەلێک کە لە ناوخۆی وڵاتدا داوای کرداری پێشوەختە لە دژی ئیسرائیل دەکەن بەرزتر دەبنەوە و ئەگەر ئەو تێگەیشتنە لە نێو بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامیی جێ بگرێت کە ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە هێرش دەکاتە سەر ئێران، ڕەنگە زیاتر ببیستین لەو کەسانەی کە پێیان وایە دەبێت بۆ دامەزراندنی بەربەست هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدرێت". 

ئەم شارەزایەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەهەمان کاتدا هۆشداری دەدات لەوەی گرتنەبەری وەها بۆچوونێک دەتوانێت مەترسی زیاتری وەک هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ نێو ئەو ململانێیە لەگەڵدا بێت .