پوتن خۆی بۆ شەڕی ئەوروپا ئامادە دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 534 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی بابەتێکی بە ناوی "پێنج نیشانە هەن بۆ ئەوەی پوتن خۆی بۆ شەڕێکی گەورەتر لە ئەوروپا ئامادە دەکات" بڵاوکردەوە.

ڕۆژنامەکە لەنیشانەی یەکەم باسی پلانە ڕاگەیەندراوەکان بۆ بانگهێشتکردنی هێزە یەدەگەکان بۆ بڵاوەپێکردنیان بۆ هێڵی پێشەوە دەکات سەرەڕای زیانی زۆری گیانی.

 لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠٠ هەزار سەرباز کوژراون.

هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، ڕەنگە پوتن بیر لە دامەزراندنی سوپای نوێی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار سەربازی بکاتەوە لە ماوەی دوو ساڵدا و پێدەچێت سەرۆکی ڕوسیا ئامادەبێت بەشێکی بەرچاو لەم هێزە لەدەست بدات.

نیشانەی دووەم جێگیرکردنی مووشەکی هایپەرسۆنیکی ئۆرێشنیک، کە ئەگەری هەیە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەبێت، لە بیلاڕوس، کە ئامانجی ئەوروپایە، هەرچەندە هێشتا ئەم چەکە تاقی نەکراوەتەوە.

نیشانەی سێیەم چڕبوونەوەی فشارەکانی ڕوسیایە بۆ سەر دەوڵەتانی باڵتیک، بەتایبەتی لاتڤیا، کە ڕوسەکان چارەکێکی دانیشتووانی پێکدەهێنن.

لە ئێستادا لاتڤیا شایەتی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پڕوپاگەندە و کاریگەرییەکانی ڕوسیایە، ئەمە جگە لە دروستکردنی ڕێگا لەڕوسیاوە بۆ سنوورەکانی هەردوو وڵاتی لاتڤیا و ئیستۆنیا.

نیشانەی چوارەم هەڕەشەی ناڕوون و فشارخستنە سەر دەوڵەتانی ناتۆ، پاڵنانی کۆچبەر و پەنابەرە نەخوازراوەکان بەرەو سنووری فینلاند، هەروەها کردەوەی تێکدەرانەو بە ئامانجگرتنی بنکە سنوورییەکانی نەرویج و ئیستۆنیا.

هێمای پێنجەم بریتییە لە چڕکردنەوەی چالاکییەکانی ژێر ئاو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی قووڵایی دەریای ڕوسیا کە بەشێکە لە وەزارەتی بەرگری.
ئ.ح