بەدیل‌سازیی میدیا و ڕاپەڕینی بێ سەرکردە: خەباتی ڕاستەقینە لە بزووتنەوەی ئێستای ئێراندا

توێژینەوە و شیکاریی

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 کامران ئەمین ئاوە
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی جەماوەری لە دەیان شاری ئێران، بەشێک لە میدیای ڕاستڕەوی پاشایەتیخواز و تەلەفزیۆنەکانی وەک 'ئێران ئینتەرناشناڵ' جارێکی دیکە بۆ شێواندنی ڕەوتی واقیعیی خەباتی خەڵک هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە. ئەم دەزگا میدییایانە بە گەورەکردنەوەی هەندێک دروشم و وێنە، بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتییەکان کە لە تووڕەیی کەڵەکەبووی زیاتر لە چوار دەیەی سەرکوت و هەژاری و هەڵاواردن و ستەمکاریی ئایینی سەرچاوەیان گرتووە، لە پڕۆژەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی "پەهلەوی"دا بەرتەسک و بچووک بکەنەوە؛ وەک ئەوەی خەڵکی ئێران هاتبێتە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی فەرشی سوور بۆ شازاده ڕابخات و پێشوازی لە ڕزگارکەرێکی خەیاڵی بکات.

بێ گومان ڕەوتی پاشایەتیخواز، وەک هەر ڕەوتێکی سیاسی دیکە، ڕێژەیەکی سنووردار لایەنگریان لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە. بەڵام بانگەشەی سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەیەک کە بە خوێنی لاوان، ژنان و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا گەشەی کردووە، لە ڕاستی شێواندنێکی بە ئاشکرا و دەستبسەرداگرتنی خەباتی گەل زیاتر ، ناکرێ ناوێکی دیکەی لەسەر دابنرێت. گەلی ئێران نەک بە فەرمانی "ڕێبەرێکی خوسەپێن" و نە بە هیوای بەرهەمهێنانەوەی یەکێک لە کۆنەپەرستانەترین شێوەکانی دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکو دژی تەواوی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و هەموو جۆرەکانی ستەمکاری - چ ئایینی و چ میراتی - ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

لە فەزای مەجازیدا ئەو هێزانەی کە  لە سەرچاوەی دارایی گەورە و ئامێری میدیایی پیشەیی بەهرەمەندن، بە ئەنقەست بەدیلێکی ساختە و درۆیین بۆ پەهلەوی دروست دەکەن. ئەم پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگای ئێران نییە، بەڵکو هەوڵێکی ڕێکخراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لادان و دواجار بێلایەنکردنی بزووتنەوەیەک کە سروشتێکی ڕادیکاڵ و دادپەروەرانە و دژە دەسەڵاتخوازانەی هەیە. ڕاستییە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن که: بزووتنەوەی ئێستای ئێران، بزووتنەوەیەکی خۆکرد و جەماوەری و بێ سەرکردەیە کە لە خوارەوە و لە دڵی کۆمەڵگاوە سەری هەڵداوە و شەرعیەتی خۆی نەک لە کەسایەتییەکانەوە، بەڵکو لە شەقامەکان وەردەگرێت.

بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە نەبوونی سەرکردایەتی ڕێکخراو و شکڵگرتوو یەکێکە لە لاوازییە جیددیەکانی ئەم بزووتنەوەیە؛ لاوازییەک کە ئەگەر پڕ نەکرێتەوە، دەتوانێت مەیدان بۆ پڕۆژەی ڕاستڕەو و دژە شۆڕش بکاتەوە. ئەزمونی کوردستان و ڕۆڵی مێژوویی حیزبەکانی لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و داوای مانگرتن و بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەری خەڵک نموونەیەکی ڕوونی دەسەڵاتی ڕێکخستنی سیاسییە. مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤، دوابەدوای بانگەوازێکی هاوبەشی حەوت حیزبی کوردستانی، نیشانی دا کە چۆن ڕێکخستن دەتوانێت ناڕەزایەتییەکی پەرشوبڵاو بگۆڕێت بۆ هێزێکی کاریگەر و ئیفلیجکەر.

ئەمڕۆ و لەم کاته مێژووییەدا، پێویستی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە هێزه چەپ، پێشکەوتنخوازی نەتەوەیی و سەرتاسەرییەکان زیاتر لە هەموو کاتێک هەست پێدەکرێت. بەرەیەکی لەو شێوەیە نەک هەر لە پێشەنگایەتیکردنی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو لە دیاریکردنی تێڕوانینی داهاتووی دوای ڕووخانی ئەم نیزامەش دەتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت. پڕش و بڵاوبوونەوەی هێزە چەپەکان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییە لاوازکەرەکان لە دوای شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ وە، تێچووی زۆری بەسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی ئێراندا سەپاندووە؛ ئەو تێچوانەی کە دووبارەبوونەوەی ئەوان ئیتر ڕەوا نییە.
بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئەو هێزانەی کە باوەڕیان بە ئازادی و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ هەیە داڕشتنی پلاتفۆرمێکی ئاڵۆز، نوخبەگەرانە و ئەبستراکت پێویست ناکات. خودی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پوخت و چڕترین دەربڕینی داخوازییە ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگای ئێرانە. کۆبوونەوە لە دەوری ئەم دروشمە و خەباتکردن بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی سکولار و ناناوەندیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەتوانێت بناغەکانی گواستنەوە بۆ دەسەڵاتێکی فرەچەشن و دیموکراتیک دابین بکات.
لە بەرامبەر بەرەیەکی یەکگرتووی ڕاستی پاشایەتیخواز و ئایینی کە هەردووکیان هەوڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فۆرمەکانی هەژموونی کۆن دەدەن، تاکە ڕێگای بەرەوپێشچوون، پێکهێنانی بەرەیەکی گشتگیر لە هێزە چەپ و دیموکرات و پێشکەوتنخوازەکانە. کاتی ئەوە هاتووە دەمارگرژی و خۆویستی و پێشداوەریە سیاسییەکان وەلا بنێین و هەنگاوی کردەیی و بوێرانە بەرەو ڕێکخستن و یەکخستن و سەرکردایەتیکردنی بەکۆمەڵی بزووتنەوەکە بنێین. داهاتوی ئێران لە گرەوی گەڕانەوە بۆ ڕابردوودا نییە، بەڵکو لە گرەوی پێشڕەوییەکی ڕادیکال بەرەو ئازادی و یەکسانیدایە.