ئێران هۆشدارییەكی نوێ بەئەمریكاو ئیسرائیل دەدات

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران هۆشداريی توند بەئەمریكاو ئیسرائیل دەدات و دەڵێت،"هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران وەڵامی ڕاستەوخۆی دەبێت و بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو ئیسرائیل لەمەودای ئامانجەكاندا دەبن".


محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران وەڵامی ڕاستەوخۆی دەبێت و بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو ئیسرائیل لەمەودای ئامانجەكانی ئێراندا دەبن".

قالیباف لەمیانی وتەیەكدا لەدانیشتنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران، دوژمنی بە قۆستنەوەی داخوازییەکانی گەلی ئێران و ئەنجامدانی شەڕێكی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش لە ناوەوە تۆمەتبار کرد.

باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی لە ئێستادا لەچوار بەرە لەگەڵ دوژمنی زایۆنی و ئەمریکا شەڕیكی سەرتاسەری بەڕێوە دەبات.

قالیباف جەختی لەوە کردەوە،" ئاسایشی بەردەوام مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابوری و  وتی،" ئەوانەی ئەو شەڕە تیرۆریستیەیان خولقاندوە، بژێوی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە ئامانج و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ زۆر بەتوندی ڕوبەڕوی ئەم شەڕە تیرۆریستییە دەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی فەرمی خۆی بۆ ئەو شەڕە ڕاگەیاندوە، بەڵام ئێران ڕوبەڕوی دەبێتەوەو پوچەڵی دەکاتەوە.